رووداو دیجیتاڵ بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیلی رایگەیاند، بنکەیەکی گرنگی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە هێرشە مووشەکییەکانی ئەم هەفتەیەی ئێراندا زیانی بەرکەوتووە. هەرچەندە هێشتا لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێ ئایا مووشەکەکە راستەوخۆ بنکەکەی پێکاوە یان پارچەی مووشەکی تێکشکێندراو بووە، بەڵام ئیسرائیل دەڵێ زیانەکە بەرشوێنێکی لاوەکی کەوتووە. رۆژی چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیلی بە ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)ـی راگەیاند، بنکەی ئاسمانیی (رامات دەیڤید) لە باکووری ئیسرائیل زیانی بەرکەوتووە. بەرپرسەکە گوتی: " پشتڕاستی دەکەینەوە کە بنکەکە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام ناوچەیەکی لاوەکی بووە." هەروەها، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن تاوەکو بزانن ئایا پارچەی مووشەک بووە یان پێکانێکی راستەوخۆ، بەڵام ئەگەری زۆر ئەوەیە پارچەیەکی گەورەی مووشەکی تێکشکێندراو بووبێت. بەرپرسەکە رایگەیاندووە، رووداوەکە هیچ زیانێکی بە ئامێرە سەربازییەکان یان کارمەندانی بنکەکە نەگەیاندووە. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بۆ یەکەم جار لە دوای ئاگربەستەکەی مانگی نیسان، ئیسرائیل و ئێران راستەوخۆ هێرشیان کردە سەر یەکدی. بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، تاران لەم پێکدادانەدا نزیکەی 30 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و تەلئەڤیڤیش بە بۆردومانکردنی چەندین ئامانج لە نێوخۆی ئێران وەڵامی داوەتەوە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست11-06-2026ئەمریکا بۆ دووەم شەوی لەسەریەک هێرشی کردەوە سەر ئێران؛ ئەمریکا دەڵێت بە بۆمب دانوستاندن دەکەن