رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، نزیکە لەوەی فەرمانی ئەنجامدانی هێرش بۆسەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران بدات، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ شێوازی مامەڵەی تاران لە دانوستاندنەکاندا.
سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیووزی راگەیاند، ئێران لە دانوستاندنە درێژخایەنەکاندا تەنیا "یاری بە کات دەکات"، بۆیە واشنتن بیر لە بژاردەی سەربازیی کاریگەر بۆسەر ژێرخانی وزە و گواستنەوەی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.
پێش ئەو هەڤپەیڤینە، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، دۆخی سەربازیی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە و گوتی: "بەشێکی زۆری سوپاکەیان، بەتایبەتی هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی، چی دیکە بوونیان نەماوە؛ ئەوان بە تەواوی شکستیان هێناوە."
ترەمپ هەروەها گوتی: "ئێران تەنیا قسە دەکات و هیچ کردارێکی نییە. شەڕەنگێزەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مرد."
سەبارەت بە پرۆسەی دیپلۆماسی و دانوستاندنەکانیش، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە بەرپرسانی ئێران گرت و گوتی: "ئەوان کاتی زۆریان بەفیڕۆدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە بۆیان زۆر باش دەبوو؛ بەڵام ئێستا کاتەکەیان لەدەستداوە و دەبێت باجەکەی بدەن."
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر نزیکەی 20 پێگەی سەربازیی ئێران. ئەو هێرشانەش دوای ئەوە هاتن کە هێلیکۆپتەرێکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری (ئەپاچی) لە نزیک تەنگەی هورمزی کەوتە خوارەوە. لە وەڵامی ئەو هێرشانەیشدا سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی کردە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و ئوردن.



