رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لەدوای ئاگربەستی مانگی نیسان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری ئیسرائیلدا لێدرا، دوای ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە هەوڵیدا بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوانی ئێران بداتەوە. سوپای پاسداران هێرشەکەی بە "ئاگادارکردنەوەیەک" وەسفکرد، لە تۆڵەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت.
رێککەوتنی ئاگربەستی 8ـی نیسان جەنگە گەورەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکای راگرتبوو، بەڵام هێرشەکەی شەوی یەکشەممە، 07-06-2026، هیوای گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوامی بە تەواوی لاواز کرد.
هۆشداریی تووندی سوپای پاسداران و داخستنی ئاسمانی سێ وڵات
تاران پێداگری دەکات، هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە، کە تێیدا ئیسرائیل لە دژی حیزبوڵڵا لە جەنگدایە. ئێران هۆشداریدابوو، هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر بەیرووت دەبێتە هۆی "دەستپێکردنەوەی تەواوی" جەنگەکە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، سوپا "بنکەیەکی فەرماندەیی چەکدارانی لە ناوچەی زاحیەی بەیرووت بۆردوومان کردووە وەک وەڵامێک بۆ تەقەکردنی حیزبوڵڵا لە خاکی ئیسرائیل." وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی 20ـی دیکە. پێشتر حیزبوڵڵا پشتڕاستیکردبووەوە، بەیانیی رۆژی یەکشەممە بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر دوو سەربازگەی ئیسرائیلی.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکار، واشنتنی تۆمەتبار کرد بە هەڵکردنی "گڵۆپی سەوز" بۆ هێرشەکەی بەیرووت و رایگەیاند، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئێستا "ئامانجی رەوان."
چەند کاژێرێک دوای ئەم لێدوانە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لانیکەم سێ شەپۆلی مووشەکییان لە ئێرانەوە پێگەیشتووە و بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە لە بەرپەرچدانەوەدایە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشەکەی بەیرووت "هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە." سوپای پاسدارانیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمشەو ئاگادارکردنەوەیەک بوو. ئەگەر ئەم جۆرە دەستدرێژییانە دووبارە ببنەوە، وەڵامەکانمان بەرفراوانتر دەبن و هەموو ئامانجەکانی ئەمریکا و زایۆنی لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە."
دەستبەجێ دوای هێرشەکە، ئێران داخستنی ئاسمانی رۆژئاوای وڵاتەکەی راگەیاند، عێراق و سووریای دراوسێشی هەمان هەنگاویان گرتەبەر.
بنبەستی دارایی و دانوستاندنەکانی ترەمپ
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی بە کەناڵی (CNN)ـی راگەیاندبوو، "دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا لە بنبەستدان و دەبێت ترەمپ ئەم بنبەستە بشکێنێت." رەزایی داوای ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێرانی کردبوو.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەمان رۆژدا لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، هیچ کام لە سامانە سڕکراوەکانی ئێران پێشوەختە ئازاد ناکات. "ئەگەر رەفتاریان باش بێت، ئەگەر کارێکی باش بکەن، دەست بە قسەکردن دەکەین." سەرچاوەیەکی نزیک لە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا دەیەوێت ئەم بڕە پارانە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاوپەیمانە کەنداوییەکانی بەکاربهێنێت بەهۆی زیانەکانی هێرشەکانی ئێران.
هاوکات، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، دوو درۆنی ئێرانییان لە تەنگەی هورمز خستووەتە خوارەوە. خستنەخوارەوەی درۆنەکانی پێشوو و هێرش بۆ سەر وێستگەکانی راداری ئێران، وای لە تاران کرد رۆژی شەممە بە کۆمەڵێک مووشەک هێرش بکاتە سەر بەحرێن و کوێت کە هاوپەیمانی ئەمریکان.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و نێوەندگیریی پاکستان
سەرەڕای پێکدادانەکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بوون. موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی تارانی کرد بۆ گەیاندنی "نامەیەکی تایبەت" لەلایەن عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستانەوە بۆ موجتەبا خامنەیی، هاوکات لەگەڵ پەیامێکی سەرۆکوەزیرانی پاکستان.
عاسم مونیر رۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا. رۆژی شەممەش، رۆدۆڵف هێکل، فەرماندەی سوپای لوبنان گەیشتە پاکستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ عاسم مونیر بە مەبەستی گەیشتن بە کۆتاییهاتنی شەڕ لە لوبنان.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
