رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنی، ئەمریکا فەرمانی بە کارمەندانی حکومەت و خێزانەکانیان لە ئیسرائیل کرد بچنە پەناگەکان. بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە قودس- ئورشەلیم رۆژی دووشەممە بە رووی هاووڵاتیاندا دادەخرێ.
رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، بەشی کاروباری کۆنسووڵی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئێستای ئیسرائیل و زەنگی ئاگادارکردنەوەی بەرگریی شارستانی لە چەندین ناوچە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا کارەکانی رادەگرێ.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، واشنتن فەرمانی بە هەموو فەرمانبەرانی و خێزانەکانیان کردووە لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و بۆ چوونە پەناگەکان ئامادە بن، لە کاتی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات لە سیستمی (STEP) ناوی خۆیان تۆمار بکەن تاوەکو نوێترین زانیاری ئەمنییان پێ بگات.
وەزارەتەکە رێنمایی هاووڵاتییەکانی دەکات کە شوێنی نزیکترین پەناگە بزانن و ئەپلیکەیشنی فەرمیی سوپای ئیسرائیل دابەزێنن تاوەکو بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان ئاگادار بکرێنەوە.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش بە هێرشکردنە سەر نێوەڕاست و رۆژئاوای ئێران و تاران وەڵامی هێرشەکانی ئێرانی دایەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

