رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە چەندین پارێزگای ئوردن زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا، کە هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی هاوێشتنی مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل.
لەگەڵ لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەکان، دەنگی تەقینەوە بیستراوە، کە بەهۆی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە بووە.
هێرشە مووشەکییەکەی ئێران چەند کاژێرێک دوای هێرشێکی ئیسرائیل هات بۆ سەر گەڕەکێکی باشووری بەیرووت، کە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، ئامانجەکەی ناوەندێکی فەرماندەیی و پلاندانانی سەر بە حیزبوڵڵا بووە.
دوای هێرشەکە، ئێران هەڵوێستی تووندتر کرد و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە ئامانجی رەوان." هاوکات لایەنەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیش هەڕەشەیان کرد و گوتیان، هێرشەکەی ئیسرائیل "بێ وەڵام تێناپەڕێت."
سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رێنوێنییەکانی بەرەی ناوخۆ تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە وەک خۆیان دەمێننەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی خۆپاراستنی سڤیلدا نییە.
لەلایەن خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، مەرج نییە پرسی لوبنان بەشێک بێت لە هەر رێککەوتنێکی کورتخایەن لەگەڵ ئێران، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە بەردەوامن.
رۆژی یەکشەممە، لە هێرشەکەی سەر گەڕەکەکەی باشووری بەیرووت، دوو کەس کوژران و 11ی دیکەش بریندار بوون.
ئەمە سێیەم هێرشە بۆ سەر ئەو ناوچەیە لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لە 17ی نیسانی رابردوو. پێشتر دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دابوو کە تەلئەڤیڤ "جارێکی دیکە لوبنان بۆردوومان ناکاتەوە."

.jpg&w=3840&q=75)

