رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومان کرد و رایگەیاند، دوو مووشەک کە لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابوون، خراونەتە خوارەوە لە بەرامبەردا تاران بە تووندی هۆشداری دەدات و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی "بەئازار و یەکلاکەرەوە" دەکات.
باشووری بەیرووت، کە پێگەی سەرەکیی حیزبوڵڵایە، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تەنیا دووجار بۆردوومان کرابوو، بەڵام هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە 07-06-2026 گرژییەکانی جارێکی دیکە گەیاندەوە لووتکە.
پێکدادانی نوێ لە زاحیە و گەمارۆی شارۆچکەی سوور
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو مووشەکی خستووەتە خوارەوە، کە لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل تەقێندرابوون، هەروەها "ئەو سەکۆیانەی لەناوبردووە کە حیزبوڵڵا بۆ هێرشەکە بەکاریهێنابوون."
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپا "بنکەیەکی فەرماندەیی چەکدارانی لە باشووری بەیرووت کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشی حیزبوڵڵا بۆسەر خاکی ئیسرائیل." بەگوێرەی ئاژانسی نیشتمانیی میدیای لوبنان (NNA)، هێرشەکە دوو شوقەی لە دوو باڵەخانەدا کردووەتە ئامانج.
دوای هێرشەکە، ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی چۆڵکردنی بۆ زۆربەی بەشەکانی شارۆچکەی سوور و دەوروبەری دەرکرد. شارۆچکەی سوور هەزاران ئاوارەی تێدایە و لە 2ـی ئادارەوە چەندین جار بۆردوومان کراوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی نزیکەی 500 خێزانیان لە قوتابخانەکانەوە (کە کرابوونە پەناگە) بۆ گەڕەکی کریستیانەکان گواستووەتەوە، کە لە هۆشدارییەکەدا نەبوو.
دوای ماوەیەک چەند ڤیدیۆیەک بڵاوکرانەوە و دەردەکەوێ دووکەڵێکی چڕ لە بەشێکی شارەکە بەرزدەبێتەوە.
هەڕەشە تووندەکەی تاران: ئەمشەو سەیری ئاسمان بکەن
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، هەڕەشەی "وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوە و بەئازار"ـی کرد لە دژی هێرشەکەی بەیرووت.
رەزایی رایگەیاند: "پێویستە ئەم سەگە هارە تەمبێ بکرێن و بخرێنەوە شوێنی خۆیان. ئەمشەو سەیری ئاسمانی سەر زەوییە داگیرکراوەکان بکەن [ئاماژەیە بۆ خاکی ئیسرائیل]."
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە هەوڵی ناوبژیوانیدایە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا داوای کرد، ئیسرائیل بە شێوازێکی "ورد و دیاریکراو"تر هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا و رایگەیاند، پەلەی نییە لە هێنانەناوەی دۆسیەی لوبنان بۆ رێککەوتنی ئێران.
تێکچوونی ئاگربەستە مەرجدارەکە
کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی واشنتن لەنێوان نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیلدا باسیان لە ئاگربەستێکی مەرجدار دەکرد کە تێیدا حیزبوڵڵا هێرشەکان رابگرێت و لە سنوور بکشێتەوە، بەڵام حیزبوڵڵا رێککەوتنەکەی رەتکردەوە و داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیلی کرد لە خاکی لوبنان. ئیسرائیلیش پێشتر هۆشداریی دابوو ئەگەر حیزبوڵڵا هێرش بکات، باشووری بەیرووت بۆردوومان دەکاتەوە.
گیانلەدەستدانی کارمەندانی فریاگوزاری و سوپای لوبنان
ململانێکان بەردەوام زیانی قورس بە هاووڵاتییان و کارمەندانی مرۆیی دەگەیێنن. رۆژی شەممە، لانیکەم پێنج کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران، لەنێویاندا چەند سەربازێکی سوپای لوبنان و جەنەراڵێکیش هەبوون.
لە ناوچەی سەیدا، سێ ئەندامی یەک خێزان و کارمەندێکی فریاگوزاری کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژرابوون، بە خاک سپێردران. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 131 کارمەندی فریاگوزاری لەم جەنگەدا بەهۆی تەقە و بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
قاسم فوعانی، یەکێک لە هاوکارانی کارمەندە فریاگوزارییەکان گوتی: "ئێمە مووشەک هەڵناگرین، تاکە چەکمان نانە کە دەیگەیەنینە دەست خەڵک. ئەوان چوون نانیان دایە خێزانەکە، بەڵام لە کاتی دەرچوونیاندا درۆنێک هێرشی کردە سەریان و کوشتنی."
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، زیاتر لە 3,600 کەس کوژراون، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.



