رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، 2 درۆنی هێرشبەری ئێرانییان لە ئاسمانی تەنگەی هورمز خستووەتە خوارەوە.
رۆژی یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزەکانیان 2 درۆنی هێرشبەری ئێرانییان تێکشکاندووە. سێنتکۆم دەڵێت ئەم درۆنانە مەترسیی بوون بۆ سەر هاتووچۆی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە تەنگەی هورمزدا.
زنجیرەیەک پێکدادانی نوێ
ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە سێنتکۆم درەنگانی شەوی هەینیی رایگەیاندبوو هێزەکانیان 4 درۆنی دیکەی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە و دواتر بنکەکانی راداری چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانییان بۆردوومان کردووە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدان کە واشنتن و تاران چەند هەفتەیەکە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە سەرقاڵی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 28ـی شوباتیی 2026ـەوە دەستیپێکرد، کە دووەم رۆژی جەنگەکەدا، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە، تەنیا رێگە بە بەو کەشتیانە دەدات بە تەنگەکەدا تێبپەڕن، کە بەگوێرەی ئێران، کەشتیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانن.
داخستنی تەنگەی هورمز و هێرشە بەردەوامەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بازاڕی وزە و کاڵا و خۆراک لە جیهاندا.



