رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی هۆشداری دەداتە هێڵە ئاسمانییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەهۆی جەنگی ئێران و گۆڕانکاریی نرخەکانەوە کڕینی فڕۆکە نوێیەکان دوا نەخەن. دەشڵێت، ئەم بڕیارە لەسەر ئاستی درێژخایەن زیانی دارایی زۆری دەبێت.
رۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، کامیل ئەلعەوزی، جێگری سەرۆکی هەرێمیی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی بۆ ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دواخستنی داواکاریی کڕینی فڕۆکەکان بەهۆی نادڵنیایی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی فڕۆکە کە لە ئەنجامی جەنگی ئێرانەوە دروست بووە، کارێکی نادروست دەبێت بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاسمانی لە ناوچەکەدا.
ئەلعەوزی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی ناکات جەنگ و زیادبوونی تێچووەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر داواکارییەکانی کڕینی فڕۆکە لە لایەن هێڵە ئاسمانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبێت.
بە بڕوای ئەو، گۆڕینی پلانەکانی کڕینی فڕۆکە لەم کاتەدا تەنیا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووەکان لە ئایندەدا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە کەرتی فڕۆکەوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی بەردەوامیی جەنگ و داخستنی رێڕەوە ئاوییەکانەوە لەژێر گوشارێکی زۆری ئابووریدایە، بەڵام بەرپرسانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی داوا دەکەن هێڵە ئاسمانییەکان متمانەی خۆیان بە بازاڕی جیهانی بپارێزن و ئامادەکاری بۆ قۆناخی دوای جەنگ بکەن.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. لە هەفتەیەک پێش دەستپێکی جەنگەکەوە، گەشتە ئاسمانییەکان لە وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریا، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن، لوبنان، ئیسرائیل، بەشێکی عومان و کوێت راگیران.
رۆژی 8ی نیسان و دوای راگەیاندنی ئاگربەست، ئەو گەشتە ئاسمانیانە دەستیانپێکردووەتەوە بەڵام ناوە ناوە پێکداندانی لایەنەکانی جەنگەکە روودەدات و ئەمەش گواستنەوەی ئاسمانی لەبەشێکی ئەو وڵاتانەدا، لەوانە لوبنان و کوێت رادەگرێت.




.jpg&w=3840&q=75)