رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتەکانی جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنانی رەتکردەوە سەبارەت بە دەستوەردانی تاران لە کاروباری نێوخۆی لوبنان و بەکارهێنانی ئەو وڵاتە وەک "کارتێکی گوشار" لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئەمریکا.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە وەڵامی سەرۆکی لوبنان نووسی: "بەپێی قسەکانی بەڕێز عەون بێت، مرۆڤ وا هەست دەکات کە ئەوە ئێرانە پێنج یەکی خاکی لوبنانی داگیرکردووە، چارەکێکی دانیشتووانەکەی ئاوارە کردووە و رۆژانە وڵاتەکەی بۆردوومان دەکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر لوبنان "کارتێکی دانوستاندن" بووایە بۆ ئێران، ئەوا تاران زۆر پێش ئێستا لەگەڵ واشنتن دەگەیشتە رێککەوتن.
عێراقچی رووی دەمی کردە جۆزێف عەون و دەڵێ: "بەڕێز سەرۆک، لوبنان لە دووژمنە راستەقینەکەت بپارێزە."
ئەم وەڵامدانەوەیە دوای ئەوە هات، رۆژی هەینی جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی، ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لوبنان وەک "بارمتە" و "کارتێکی گوشار" لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەکاردەهێنێت و رایگەیاند، خەڵکی لوبنان باجی بەرژەوەندییەکانی تاران دەدەن.
ئەم ناکۆکییانەی نێوان بەیرووت و تاران لەکاتێکدایە، حیزبوڵڵای لوبنانی رەشنووسی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی لوبنان و ئیسرائیلی رەتکردوەتەوە کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئامادەکراوە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە 2-3-2026ەوە لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەردەوامە.

.jpg&w=3840&q=75)
