رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان بڕی ئەو هاوکارییە داراییانەی بۆ لوبنان داوای کردبوو بۆ دوو هێندە زیاد کرد و رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، لە ماوەی شەش مانگدا پێویستییان بە 640 ملیۆن دۆلارە.
رۆژی هەینی، 5ی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان (OCHA) لە راگەیێندراوێکی نوێدا هۆشداری دا کە "قەیرانی مرۆیی لە لوبنان زۆر سەختە و بەرەو خراپتربوون دەچێت." نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ئاوارەبوونی بەردەوامی خەڵک و کەمیی شوێنی نیشتەجێبوون و نەبوونی ئاسۆیەکی روون بۆ گەڕانەوەی سەلامەت، دۆخی هاووڵاتییانی لوبنانی تێکداوە.
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئاداردا داوای 308 ملیۆن دۆلاری کردبوو بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی لوبنان لە کارەکانی فریاگوزاریدا، بەڵام رۆژی هەینی رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب پێویستییان بە 331 ملیۆن دۆلاری دیکە هەیە.
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا تەنیا 185 ملیۆن دۆلار لەو بودجەیە دابینکراوە کە تەنیا بەشی هاوکاریکردنی 680 هەزار کەسی کردووە. نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت ئامانجیان ئەوەیە بگەنە 1.4 ملیۆن کەس کە دەکاتە 25٪ی دانیشتوانی لوبنان.
حکومەتی لوبنان رایدەگەیەنێت، لەوەتەی 2ی ئادار و دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەس. ئەم جەنگە وایکردووە نزیکەی یەک ملیۆن کەس ماڵەکانیان جێبهێڵن و زیاتر لە 1.2 ملیۆن کەسیش رووبەڕووی بێخۆراکیی توند ببنەوە.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەکەدا هاتووە، کە بەرزبوونەوەی نرخەکان ئازاری خەڵکی زیاتر کردووە؛ تێچوی ئاو، سووتەمەنی و کارەبا لە ئاستی نیشتمانیدا زیاتر لە یەک لەسەر سێ بەرز بووەتەوە و لەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە ئەم بەرزبوونەوەیە گەیشتوەتە 70٪.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا گوشارێکی یەکجار زۆری خستوەتە سەر کەرتی تەندروستی؛ تاوەکو ئێستا 62 نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستی یان زیانیان بەرکەوتووە یان بە تەواوەتی خاپووربوون. هەروەها نزیکەی 450 قوتابخانە گۆڕدراون بۆ پەناگەی ئاوارەکان، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن و مەترسیی وازهێنانی هەزاران قوتابی لە قوتابخانەکانیان.


.jpg&w=3840&q=75)

