رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل و لوبنان لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی مەرجدار کە ئەمریکا نێوەندگیریی بۆ کردووە رێککەوتن، بەڵام جێبەجێکردنی بە مەرجی راگرتنی تەواوەتیی تەقە و کشانەوەی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بەستراوەتەوە.
سەرەڕای رێککەوتنەکە، پێکدادانی تووند بەردەوامە و لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لانیکەم 9 کەس کوژراون.
رۆژی پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، نوێنەرانی دیپلۆماسیی هەردوو وڵات کە پەیوەندیی فەرمییان لە نێواندا نییە، لە چوارەمین گەڕی دانوستاندنە راستەوخۆکانیاندا لە واشنتن لەسەر ئەم ئاگربەستە مەرجدارە رێککەوتن.
بڕیارە هەردوولا لە 22ـی حوزەیرانی داهاتوودا بۆ گفتوگۆی سیاسی و ئەمنیی زیاتر کۆببنەوە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر. جەنگەکە سەرەتا لە 2ـی ئاداردا هەڵگیرسا کاتێک حیزبوڵڵا بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە دروستکردنی ناوچەی تاقیکاری یان نموونەیی (pilot zones)ـە لە باشووری لوبنان، کە تێیدا سوپای لوبنان "کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکە دەکات بە دوورخستنەوەی هەموو لایەنەکانی دەرەوەی دەوڵەت [گرووپەکان]." ئەم ئاگربەستە بەندە بە راگرتنی تەواوەتیی هێرشی حیزبوڵڵا و کشانەوەی چەکدارەکانی لەو ناوچانە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە دەیەوێت پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە جەنگەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران جیا بکاتەوە. بەڵام، تاران پێداگری لەسەر گرێدانی هەردوو ململانێکە دەکاتەوە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریداوە، هەر هێرشێک بۆ سەر بەیروت دەبێتە هۆی "دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی" جەنگ.
مەحمود قوماتی، بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵا پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، گرووپەکەیان "ئاگربەستی سنووردار قبووڵ ناکات." ئاگربەستەکەی کە بڕیار بوو لە 17ـی نیسان دەستپێبکات، تاوەکو ئێستا بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، حیزبوڵڵا بە مووشەک هێرشی کردە سەر سەربازانی ئیسرائیلی لە باکووری ئیسرائیل، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند درۆنێک و دوو مووشەکی تێکشکاندووە کە لە لوبنانەوە هەڵدرابوون.
هاوكات، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر زیاتر لە 20 ناوچەی باشووری لوبنان بەردەوام بوون. هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی (حەوش) لە نزیک شاری سوور بووە هۆی کوژرانی چوار سووریایی و دوو فەڵەستینی، هەرچەندە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئاگاداری هێرشی لەم شێوەیە نییە.
هێرشێکی دیکەش ئۆتۆمبێلێکی ئەمبوڵانسی کۆمەڵەی ریسالەی (سەر بە بزووتنەوەی ئەمەل) کردە ئامانج و دوو کارمەندی فریاگوزاریی کوشت. بەمەش ژمارەی کارمەندانی تەندروستی و فریاگوزاریی کوژراو لە سەرەتای جەنگەوە گەیشتە لانیکەم 130 کەس. هەروەها سوپای لوبنان رایگەیاند، سەربازێکیان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژراوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
لە شاری سوور سوپای ئیسرائیل لایەنگرانی حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی لە گەڕەکی کریستیانەکانی شارەکەدا جموجووڵیان هەیە و هۆشداریدا، دەبێت چۆڵی بکەن. ئەمەش ترسی لای دانیشتووان دروستکردووە.
ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و قووڵترین هێرش و پێشڕەویی زەمینیی لە دوو دەیەی رابردوودا بۆ سەر خاکی لوبنان دەستپێکردووە.



