رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی پەکخست، ئێران و ئەمریکا بە سەختی یەکدییان بۆردوومان کرد، کەسێک کوژرا و 63 کەسیش برینداربوون.
ئەم هێرشە زنجیرەیەک هەڵکشانی سەربازیی لێکەوتەوە کە تێیدا تاران بە 30 مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت و بەحرێن، بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی هیندستانی کوژرا و 63 کەسی دیکە بریندار بوون. وەک کاردانەوەیەک، کوێت بڕیاری دا دوو دیپلۆماتی ئێرانی دەربکات.
رۆژی چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، بارودۆخی ئەمنی لە کەنداو گەیشتە قۆناخێکی زۆر مەترسیدار کە بە تووندترین پێکدادان لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەی مانگی نیسان دادەنرێت.
دەسەڵاتدارانی کوێت رایانگەیاند، هێزەکانی تاران هێرشێکی گەورەیان دژی دامەزراوە سڤیلەکان کردووە، ئەمەش وایکرد حکومەتی کوێت فەرمان بە دوو دیپلۆماتی باڵیۆزخانەی ئێران بکات لە ماوەی 24 کاژێردا وڵاتەکە جێبهێڵن.
چۆنیەتیی دەستپێکردنی پێکدادانەکان
بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پێکدادانەکان دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە فڕۆکەیەکی ئەمریکی مووشەکێکی جۆری هێڵفایەر (Hellfire)ـی ئاراستەی ژووری بزووێنەری کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەتاڵ کرد بە ناوی لێکسی (Lexi) کە هەوڵیدەدا گەمارۆ دەریاییەکە بشکێنێت و لە کێڵگەی خارگـی ئێران نەوت بار بکات.
لێکسی لە مانگی ئاداری رابردوودا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەهۆی گواستنەوەی نەوتی خاوی ئێران خرابووە لیستی سزاکانەوە.
لە وەڵامدا، ئێران درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی کەشتییە سڤیلەکان کرد کە بەنێو کەنداوی فارسدا تێدەپەڕین. ئەمریکا سێ لەو درۆنانەی خستەخوارەوە و هێرشی "بەرگری لەخۆکردن"ـی کردە سەر بنکەی کۆنترۆڵی زەوینیی ئێران لە دوورگەی قیشم لە دەمی تەنگەی هورمز، کە تێیدا تاوەرێکی پەیوەندییەکانی تێكشکاند.
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمریکای لە رێگەی پەکخستنی کەشتیی لێکسی بە هەڵگیرساندنی شەڕەکە تۆمەتبار کرد.
بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی کوێت و هێرش بۆ سەر بەحرێن
سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، هێزەکانیان 30 مووشەکی بالیستی و درۆنیان دەستنیشان کردووە کە لە بەرەبەیاندا هێرشیان کردووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی.
13 مووشەکی بالیستی (کە لە ئاسمانی کوێتدا تێکشکێندران و پاشماوەکانیان بەسەر ناوچەی نیشتەجێبوواندا کەوتە خوارەوە) لەگەڵ 17 درۆنی بۆمبڕێژکراویش.
هێرشەکە راستەوخۆ تێرمیناڵی یەکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێتی کردە ئامانج و زیانێکی مادیی زۆری بە باڵەخانەکە گەیاند، هەروەها زیانی بە چەندین نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی گەیاند.
عەبدوڵڵا سەنەد، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، 25 ئەمبوڵانس بۆ فڕۆکەخانەکە نێردران و 63 بریندار بۆ نەخۆشخانەکان گواسترانەوە، کە برینی هەندێکیان سەختە و حاڵەتی بڕینەوەی پەلەکان و خوێنبەربوونی مێشکی تێدایە. قوربانییەکان گەشتیار، کارمەندی فڕۆکەخانە و سڤیل بوون. وەزارەتی دەرەوەی هیندستان پشتڕاستیکردەوە، هاووڵاتییەکیان (گەشتیارێک) لەم هێرشەدا کوژراوە.
هاوكات هێزەکانی بەرگریی بەحرێن رایانگەیاند، سێ مووشەک و چەندین درۆنیان تێکشکاندووە، کە ئاراستەی دامەزراوە سڤیلەکانی وڵاتەکە کرابوون. هێزەکانی ئەمریکاش رایانگەیاند، سێ مووشەکی ئاراستەکراو بۆ سەر بەحرێن لەلایەن سیستمی بەرگریی ئەمریکا و بەحرێنەوە تێکشکێندراون.
دەربارەی هێرشەکە و کاردانەوەی سێنتکۆم
سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی لە هێرشەکە راگەیاند، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەوان بنکەی ئاسمانیی (عەلی سالم) لە کوێت [کە کۆپتەرەکانی ئەمریکای تێدایە] و بنکەی سەرەکیی گەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکایان لە بەحرێن کردووەتە ئامانج و باسیان لە بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سڤیل نەکرد.
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دا: "هەر تەقەیەک بکرێت، بە لێشاوێک لە مووشەک و درۆن وەڵام دەدرێتەوە."
لەلایەکی دیکە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەموو بانگەشەکانی ئێرانی سەبارەت بە پێکانی بنکەکانی ئەمریکا رەتکردەوە و رایگەیاند، "هەموو هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا شکستیان هێنا."
سێنتکۆم روونیکردەوە، دوو مووشەکی ئاراستەکراو بۆ سەر کوێت لە رێگەدا تێکشکاون یان پارچەپارچە بوون، سێ مووشەکەکەی بەحرێنیش بە تەواوی تێکشکێندراون.
دەرکردنی دیپلۆماتی ئێرانی لە کوێت
وەک کاردانەوەیەکی دیپلۆماسیی خێرا، حەمەد سولەیمان مەشعان، جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت، حەمید یەعقوبی فەر، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئێرانی لە وڵاتەکە بانگێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی تووندی رادەست کرد.
کوێت بڕیاری دا ژمارەی دیپلۆماتانی ئێرانی کەم بکاتەوە و دوو ئەندامی نێردەی دیپلۆماسیی ئێرانی وەک "کەسی نەویستراو" دەستنیشانکرد و داوایکرد لە ماوەی 24 کاژێردا خاکی وڵاتەکە جێبهێڵن.
ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئیمارات داوای هەڵوێستێکی تووند و یەکگرتووی وڵاتانی کەنداوی کرد دژی تاران و گوتی: "ئەم دەستدرێژییە تەنیا یەک وڵات نا، بەڵکو هەموومان دەکاتە ئامانج."
بەرەی هاوتەریبی لوبنان و ئیسرائیل
ئەم گرژییە لە کاتێکدا دێت، بەرپرسانی ئەمریکا، ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کۆبوونەتەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حیزبوڵڵا تاکە کۆسپی بەردەم رێککەوتنەکەیە. مەحمود قوماتی، بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵا بە رووداوی رایگەیاند، گرووپەکەیان "ئاگربەستی سنووردار [بەشەکی] قبووڵ ناکات."
سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی لە باشووری لوبنان چڕتر کردووەتەوە و هێزەکانی چوونەتە قووڵایی کەناراوەکان، لە کاتێکدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە بۆ "تێکشکاندنی" حیزبوڵڵا، هێرشەکانیان لە لوبنان تووندتر بکەن.
نەتەنیاهوو دووپاتیکردەوە، لەگەڵ ترەمپ رێککەوتوون هەر رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێراندا دەبێت بە تەواوی هەڕەشەی ئەتۆمی لەناو ببات.



