رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لە هیچ دانوستاندن و پڕۆسەیەکی ئاگربەستدا رێگە بە "زیادەڕۆییەکانی واشنتن" نادەن. دەشڵێت: "وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بە رێژنەیەک لە مووشەک دەبێت."
رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "نە لە دانوستاندنەکان و نە لە پڕۆسەی ئاگربەستدا، رێگە بە زیادەڕۆییەکانی ئەمریکا نادەین."
رەزایی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە شێوازی وەڵامدانەوەی تاران کردووە و نووسیویەتی: "وەڵامی هەر تەقەکردن و دەستدرێژییەک، دەستڕێژێک (رێژنەیەک) لە مووشەک و درۆن دەبێت."
ئەم هۆشدارییەی راوێژکارەکەی رێبەری ئێران دوای ئەوە دێت، کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هێرشێکی درۆنی و مووشەکیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە پشتڕاستکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، ئەو هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی بە ناوی (پانایا)، کە ئێران دەڵێت ئەو کەشتییە "تایبەتە بە ئەمریکا و ئیسرائیل."



