رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران داوا لە وڵاتانی موسڵمان دەکات دژی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکبگرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ هیچ کامە لە وڵاتانی دراوسێیان کێشەیان نییە، ''بەڵام نابێ هیچ خاکێکی ئیسلامی دژی وڵاتێکی دێکەی موسڵمان بەکاربهێنرێ.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-08-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە نوێترین لێدوانیدا باسی لە جەنگی 40 رۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: ''لە کاتێکدا گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەردەوام بوون، هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکرد. ئەم هێرشانە لە دۆخێکدا کران کە هەوڵی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەئارادا بوو.''
لەکاتی جەنگی 40 رۆژەدا هێزە چەکدارەکانی ئێران بە پاساوی هاوکاریکردنی ئەمریکا، چەندین جار هێرشیان کردە سەر وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە. مەسعود پزیشکیان گوتی: ''بەرگری لە ئێران بە واتای دووژمنایەتی لەگەڵ گەلانی دراوسێ و وڵاتانی موسڵمان نییە.''
سەرۆککۆماری ئێران وێڕای بانگەشەی یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێت: ''نابێ هیچ خاکێکی ئیسلامی ببێتە سەکۆی دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتێکی دیکەی موسڵمان. ئاسایشی وڵاتانی ئیسلامی لە نائارامیی خاکی دراوسێکانیاندا نییە.''
مەسعود پزیشکیان ئەوەشی خستەڕوو، تاران دەستی ''دۆستایەتی و یەکڕیزی'' بۆ سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی رادەکێشێت، ''نەوەک لەبەر لاوازی، بەڵکو بەهۆی هەبوونی ئەزموونی جەنگەوە. ئێمە دەزانین مووشەک و بۆمب هیچ جیاوازییەک بۆ ئاواتەکانی دایکێکی عەرەب یان ئێرانی دانانێن.''
28ـی شوباتی 2026 جەنگی 40 رۆژە بە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستیپێکرد کە تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی کوژران.
لە بەرامبەردا ئێرانیش جیا لە ئیسرائیل، بە پاساوی تێکشکاندنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هێرشێکی فراوانی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو دەستپێکرد.

.jpg&w=3840&q=75)

