رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی (مافی مرۆڤی ئێران) کە بنکەکەی لە نەرویجە، لە راپۆرتێکدا دەڵێ، لە 8 مانگدا زیاتر لە 500 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات لەسێدارەدان بوەستێنێت.
بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27 ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە 511 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە دراون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 16 کەس لەوانەی لە سێدارە دراون، ژن بوون و لانیکەم 13 کەسیشیان "زیندانی سیاسی" بوون و گوایە پەیوەندییان بە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە هەبووە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، ئێستا سەتان خۆپیشاندەر، لەوانەش تەنیا لە ئیسفەهان زیاتر لە 70 کەس، سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندراوە یان تۆمەتی وەهایان دراوەتە پاڵ کە دەکرێ ئەنجامەکەی سەپاندنی سزای مەرگ بێ.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 19ـی ئادارەوە لانیکەم 56 کەس لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ئاسایشی نیشتمانی" لە سێدارە دراون.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 5ی ئەم مانگە، نیگەرانی خۆی دەربڕی "لە زیادبوونی لەسێدارەدان و سزای مەرگ".
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد لەسێدارەدان رابگرێ و کاربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای مەرگ.


.jpg&w=3840&q=75)

