رووداو دیجیتاڵ
دوو ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمیی ئێران بڵاویان کردەوە، ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ نێوەندگیرەکان راگرتووە، دوای ئەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی بۆردوومانکردنی بەیرووتی کرد لە کاتێکدا شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بەردەوامە.
هەردوو ئاژانسی هەواڵی "فارس" و "تەسنیم" کە نزیکی سوپای پاسدارانی ئێرانن، رایانگەیاند شەڕەکەی لوبنان بەشێکە لە گفتوگۆ فراوانەکانی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە جەنگەکە، ئیسرائیل و ئەمریکاش جەخت دەکەنەوە شەڕی لوبنان لە گفتوگۆکانی جەنگی ئێران جیاوازە.
بەرپرسێکی ناوچەکە کە ئاگاداری گفتوگۆی نێوەندگیرەکانە لەگەڵ ئێران دەڵێت، تاران رۆژی سێشەممە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی نەکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر رایگەیاندبوو پێویستە ئاگربەست لە لوبنان جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەردەوام بن.
نێوخۆی ئێران؛ هەڵاوسان ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد
رێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە لە ئێران لە مانگی ئایاردا گەیشتە ئاستێک لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە هاوشێوەی نەبووە، ئەمەش ئازارە ئابوورییەکانی خەڵکی ئاسایی ئێران پێشان دەدات، لە کاتێکدا نیگەرانی هەیە لە دەستپێکردنەوەی جەنگە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.
راپۆرتێکی رۆژی دووشەممەی بانکی ناوەندیی ئێران، یەکەم دانپێدانانی فەرمییە بەوەی ئێرانییەکان لە کاتی کڕینی کەلوپەل، پارەدان بە تەکسی یان سەردانی کلینیکە پزیشکییەکان رووبەڕووی کێشەی گەورە کردووەتەوە، کێشەی کۆنیی خراپیی بەڕێوەبردن و گەندەڵی، بوونەتە هۆی تێکچوونی ئابوورییە پشتئەستوور بە نەوت لە وڵاتەکەدا، لە کاتێکدا وڵاتەکە لەژێر گەمارۆی دەریایی ئەمریکادایە.
موحسین جەلیلوەند، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "هیچ گومانم نییە ئەگەر ترەمپ بڕوات (بەبێ رێککەوتنی فەرمیی ئاشتی)... بە ئەگەرێکی زۆرەوە، بەهۆی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، تاوەکو کۆتایی هاوین شتێکی وەکو مانگی کانوونی دووەم دەبینینەوە."
'بەدڵنیاییەوە رووبەڕووی نرخی بەرزتر دەبینەوە'
بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە، پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر لە مانگی ئایاردا بەراورد بە ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 77.2٪. ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم رێژەیە 8.5٪ لە مانگی نیسان بەرزترە، هەڵئاوسان لە پێداویستییە رۆژانە و گشتییەکاندا ،وەکو دەرمان، کرێی تەکسی، جگەرە و تێچووی پەیوەندییەکان - بە رێژەی 113.8٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە.
ئێران تەنیا لە ساڵی 1942دا لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا هەڵئاوسانی خراپتری بینیوە، ئەوەش کاتێک بەریتانیا و سۆڤیەت هێرشیان کردە سەر وڵاتەکە و دەستیان بەسەر هێڵی ئاسنەکەیدا گرت و دابینکردنی خۆراکیان پەکخست، کەمیی خۆراک و خراپیی دروێنە بووە هۆی هەڵئاوسانی یەکجار زۆر و قاتوقڕی؛ برسیێتی و پەتای تیفۆس بووە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکێکی زۆر.
پەیمانگەی "بامداد" بۆ لێکۆڵینەوە ئابوورییەکان،کە ناوەندێکی ناحکومییە، ئەم ئامارانەی ئێستای بە "رێژەیەکی بێپێشینە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە" وەسف کردووە، بانکی ناوەندیی ئێران دانی بەم ئامارانەدا نەناوە.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمساڵ زیانی زۆریان بە کارگە و پیشەسازیی نەوتی ئێران گەیاندووە، لە هەمان کاتدا گەمارۆکانی ئەمریکا ئەو بارە نەوتە خاوانەی ئێرانی کردووەتە ئامانج هەوڵدەدەن بگەنە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، داهاتی باجیش بەهۆی کێشەی کارگەکانەوە تەنانەت دوای وەستانی شەڕیش کەمی کردووە، تمەن کە لە ساڵی 2015دا هەر دۆلارێک بە 32 هەزار بوو، ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 1.7 ملیۆن بەرامبەردۆلارێک.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە مانگی ئایاردا هۆشداری دا لەبارەی ئەو دۆخە و گوتی: "بەدڵنیاییەوە رووبەڕووی نرخی بەرزتر دەبینەوە، ئێمە دەجەنگین و دەبێت ئەم سەختییە قبووڵ بکەین."
کێشە ئابوورییەکانی رابردوو هۆکاری خۆپێشاندان بوون
لە ساڵانی 2017 و 2018دا، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بووە هۆی خۆپێشاندانێک زیاتر لە 20 کەس تێیدا کوژران و سەتان کەسیش دەستگیرکران، زیادبوونی نرخی بەنزینی حکومی، بووە هۆی خۆپێشاندانی دیکە کە بەپێی راپۆرتەکان زیاتر لە 300 کەس تێیدا کوژران.
پاشان خۆپێشاندانەکانی سەرەتای ئەمساڵ بەهۆی شکانی بەهای تمەنەوە دروستبووم ئەو خۆپێشاندانە بە تووندترین خۆپێشاندان دادەنرێت لە دوای شۆڕشی 1979وە.
سەعید لەیلاز، ئابووریناسی دانیشتووی تاران، هۆشداریدا رەنگە هەڵئاوسانی ساڵانە لە ئێران بگاتە 80٪ و دەڵیت: "کۆمەڵگەی ئێران ناتوانێت بەرگەی هەڵئاوسانی ساڵانەی سەرووی 25٪ بگرێت."
