رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ ئێران و عێراق تاوەکو کاتێکی نادیار قەدەخە کرد، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە ناوچەکەدا.
رۆژی سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن بڵاویکردەوە: "لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتیی هەموو هاووڵاتییان، بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی گەشتی هاووڵاتییان بۆ ئێران و عێراق تاوەکو کاتێکی نادیار."
وەزارەتەکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی گەڕاندووەتەوە و، بەهۆی "دەستدرێژییە ناڕەواکانی ئێران" وەسفی کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییانی بەحرێن و تێیدا هاتووە، هەر کەسێک سەرپێچیی ئەم بڕیارە بکات و گەشت بۆ ئەو دوو وڵاتە بکات، وەزارەتی ناوخۆ رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەری دەگرێتەبەر.
بەحرێن شوێنی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکایە و لە ماوەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، چەندین جار کەوتە بەر هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە.
ئەم بڕیارەی بەحرێن دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، گرژییەکان زیادیان کرد، دوای ئەوەی کە لە کاردانەوەی هەڕەشەی بۆردوومانکردنی باشووری بەیرووتدا، ئێران گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا راگرت و داوای کرد باکووری ئیسرائیل چۆڵ بکرێت.
دۆخەکە شەوی رابردوو هەندێک هێوربوونەوەی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، حیزبوڵڵا و ئیسرائیلی رازی کردووە کە شەڕ بوەستێنن.
