رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز دەڵێت، لە کەمتر لە مانگێکدا 300 کەشتیی بیانی داوای مۆڵەتیان لە ئێران کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، دامەزراوە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز راپۆرتێکی لەبارەی چالاکییەکانی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، له سهرهتاکانی مانگی ئایاری ئهمساڵهوه و هاوكات لهگەڵ دهستبهكاربوونی (دامهزراوەی بەڕێوەبردنی رێڕەوی كهنداوی فارس)، زیاتر لە 300 كهشتیی بیانی داوای مۆڵەتیان کردووە بۆ تێپەربوون بە تەنگەی هورمزدا و زانیارییهكانی خۆیان بۆ وهرگرتنی مۆڵهتی پێویست بۆ دامەزراوەکە ناردووە، زۆربەیان كهشتیی نهوتههڵگرن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 77٪ی کۆی گشتیی داواکارییەکانی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمزدا لەلایەن ئەو کەشتییانەوە پێشکەش کراوە کە لە کەنداوەوە چوونەتە دەرەوە و زیاترینیشیان بەرەو چین و هیندستان چوون.
دامەزراوەکەی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز رایگەیاندووە، لەڕووی ژمارەی گەشتە دەرچووەکانی کەشتییە بیانییەکان، چین بە 28٪ لە پلەی یەکەمدایە و بەدوای ئەویشدا هیندستان بە 19٪، وڵاتانی دیکەی ئاسیا بە 23٪، ئەورووپا بە 12٪، ئەفریقیا بە 10٪ و وڵاتانی دیکەش 8٪ی کۆی گەشتە دەرچووەکان پێکدەهێنن.
بەگوێرەی راپۆرتی دامەزراوەکە، ئەو کەشتییانەی روویان لە کەنداو و بەندەرەکانی وڵاتانی ناوچەکە کردووە 23٪ی داواکارییەکانیان تۆمار کردووە، کە تێیدا ئیمارات بە 34٪ بووەتە مەبەستی سەرەکیی کەشتییە هاتووەکان و پشکی وڵاتانی دیکەش بەم شێوەیە بووە: قەتەر 31٪، عێراق 17٪، کوێت 10٪ و هەر یەکە لە سعودیە و عومان 3٪ی داواکارییەکانیان بەرکەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە: "بە پێی سیاسەتە راگەیێندراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دامەزراوەی بەڕێوەبردنی رێرەوی کەنداوی فارس رێگەی پێنەدراوە مۆڵەتی تێپەربوون بۆ کەشتیی وڵاتانی دوژمنکار دەربکات و لە بارودۆخی سنووردارییەکانی کاتی جەنگدا، پێشینە دەداتە تێپەربوونی ئەو کەشتییانەی کە سەر بە دەوڵەتە دۆست و هاوپەیمانەکانن."
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ بازرگانی و گواستنەوەی وزە، بەڵام لە مانگی ئاداری رابردوو و سەرەتای جەنگی 40 رۆژە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائلدا، تەنگەکە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.
لە دوای داخستنی تەنگەکەوە، ئێران لە 5ی ئایاری 2026ـەوە دامەزراوەیەکی تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز بە ناوی (بەڕێوەبردنی رێرەوی کەنداوی فارس) پێکهێناوە و "سیستەمێکی پشکنین و پەڕینەوە"ی جێگیرکردووە. بەپێی ئەم سیستمە نوێیە، تاران تەنیا رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە دەدات کە باج بدەن و لە لیستی "دووژمنان"ی ئێراندا نەبن.
بەرپرسانی ئێران دووپاتیانکردووەتەوە کە دەست لەو تەنگەیە هەڵناگرن و دۆخەکەی بۆ بەر لە جەنگ ناگەڕێتەوە.
بەهۆی ئەم هەنگاوانەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر دامەزراوەی نوێیەکەی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمزدا سەپاندووە و رایگەیاندووە، پلانەکەی ئێران پێشێلکردنی زەقی یاسای نێودەوڵەتییە، لەبەر ئەوەی تەنگەی هورمز رێرەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی راپۆرتی چالاکییەکانی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڤیدیۆی گەشتی هێزەکانی بۆ کۆنتڕۆڵ و چاودێریکردنی تەنگەی هورمز بڵاوکردەوە.
لە گرتەڤێدیۆیەکەدا چەندین بەلەمی بچووک و تیژرۆی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەبینرێن کە دۆشکەیان لەسەرە و بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ خەریکی گەڕانن لە نێو تەنگەی هورمزدا و چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
.jpg&w=3840&q=75)