رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرش بکاتە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت، ناسراو بە (زاحیە). ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەی دروستکردووە، ئاگربەستە ناسکەکەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەسەر لێواری داڕمانە و بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران دانیشتوو ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. لەلایەکی دیکەش، ئێران هەڕەشە لە باکووری ئیسرائیل دەکات.
رۆژی دووشەممە 26-05-2026 بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، فەرمانەکەی وەک بەشێک لە هەڵمەتی ئیسرائیل دێت دژی حیزبوڵڵا. لەدوای ئەوەی ئاگربەستە گشتییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەرەتای نیسان چووە واری جێبەجێکردنەوە، ئیسرائیل تاڕادەیەکی زۆر خۆی لە هێرشکردنە سەر شارەکە بەدوور گرتبوو، بەڵام بەردەوام بوو لە بۆردوومانکردنی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان.
بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە حاڵەتی هێرشکردنە سەر باشووری بەیرووت، داوا لە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەکەین ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
راگەیاندنەکەی نەتەنیاهوو بووە هۆی ئەوەی هەزاران کەس ماڵەکانیان جێبهێڵن. بۆ زۆر لە دانیشتووان، ئەم کۆچە لەناکاوە بووەتە رۆتینێکی ناخۆش لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵی رابردووی پێکدادانەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا.
زەهرا خومەیسیی تەمەن 43 ساڵ گوتی: "ژمارەی ئەو جارانەی کە ئاوارە بووم لێتێکچووە."
سووڕی بێوچانی شەڕ و پێکدادانەکان، خەڵکی لوبنانی هیلاک کردووە، تەنانەت لەنێو بنکەی جەماوەریی حیزبوڵڵاشدا لە زاحیە.
بەتوول حەسەن سرووری تەمەن 47 ساڵ گوتی: "بەڕاستی لەمە ماندوو بووم. نزیکەی سێ ساڵە بەدەست ئەم گرژی و دڵەڕاوکێیەوە دەناڵێنین. بەسە. بێزار بووین."
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، سەرەڕای دوایین هەڕەشەکانی ئیسرائیل، حکومەتی لوبنان بەردەوام دەبێت لە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل.
عەون گوتی: "هەندێک بەداخەوە دانوستاندن بە خۆبەدەستەوەدان دادەنێن. وا نییە، سازشیش نییە. بەڵکو چارەسەرێکە بۆ راگرتنی جەنگەکان بە کەمترین زیان."
.jpg&w=3840&q=75)