رووداو دیجیتاڵ دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد جێبەجێ کراوە کە پێشتر لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی وڵاتەکەدا لە تاران دەستگیرکرابوون. رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان) پشتڕاستی کردەوە، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی میهرداد محەممەدی نیا و ئەشکان مالیکی جێبەجێکراوە. بەگوێرەی میزان، میهرداد و ئەشکان بە گڕتێبەردانی مزگەوتی ناوچەی نەسری تاران، بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و تێکدانی سامانی گشتی تۆمەتبارکرابوون. میزان ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای تێپەڕاندنی قۆناخە یاساییەکان لەلایەن دیوانی باڵای دادوەریی وڵاتەکە، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. بەگوێرەی میدیای ئێران، ئەشکان مالیکی دانی بەوەدا ناوە کە لەکاتی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێراندا کە کانوونی یەکەمی پار دەستیان پێکرد، لەگەڵ میهرداد محەممەدی نیا دوو ماتۆرسکیلی پۆلیسیان سووتاندووە و شووشەی مزگەوتی جەعفەریی گەڕەکی نەسری تارانیان شکاندووە. بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، میهرداد محەممەدی نیا و ئەشکان مالیکی خەڵکی ساری قوروەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانن و سزای هەردوو بەندکراو لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکراوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە زۆرترین سزای لەسێدارەدان تێیدا جێبەجێ دەکرێت. لە سەرەتای مانگی ئادارەوە نزیکەی 30 کەس لە ئێران بە "تاوان"ی پەیوەندیدار بە ''بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا'' لەسێدارە دراون.