رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 70 کرێکاری پڕۆژەی "تولیپ تاوەر" لە شاری هەولێر، کە زۆربەیان هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستانن، دەڵێن، لە مانگی رەمەزانەوە کرێی کارکردنیان وەرنەگرتووە و لە دۆخێکی نالەباری بژێویدا پێشوازی لە جەژن دەکەن. لە بەرامبەردا کۆمپانیای جێبەجێکار رەتیدەکاتەوە قەرزاری کرێکارەکان بێت.
نوێنەری ئەو کرێکارانە بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، "نزیکەی 70 کرێکارین و بۆ بەڵێندەرێک کار دەکەین کە ئەویش کارەکەی لە کۆمپانیای (پترۆ پرایم) وەرگرتووە. لە مانگی رەمەزانەوە پارەمان پێنەدراوە و تەنانەت کرێکار هەیە لە ماوەی مانگێکدا تەنیا 100 دۆلاری پێدراوە؛ لەم بەرەجەژنانەدا هیچ پارەیەکمان لەدەستدا نییە."
ئەو کرێکارە ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک دەچنە لای کۆمپانیا، پێیان دەڵێن پارەمان داوەتە بەڵێندەر، بەڵێندەریش دەڵێت هیچم وەرنەگرتووە. دەشڵێت: "کۆمپانیا کارەکان دەداتە بەڵێندەر و ئەوانیش کرێکاران بە رۆژانە دەهێنن بۆ ئەوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکرێت."
لە بەرامبەردا، گوهدار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پترۆ پرایم، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، "ئەو قسانە راست نین. ئەو کرێکارانە بەپێی گرێبەست و نوێکردنەوەی کارەکانیان پارەیان وەرگرتووە. بەپێی رێککەوتنەکەش، دوای تەواوبوون و رادەستکردنی فەرمیی کارەکە، ئەو بڕە پارەیەی ماوە خەرج دەکرێت."
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە روونیکردەوە، کە ئەوان کارەکەیان لە کۆمپانیاکانی (نۆرس لایت و کۆرمیک) وەرگرتووە و گرێبەستیان لەگەڵ دوو ستافی سووری کردووە کە کرێکارەکانیشیان سوورین. گوتیشی، "ئەو دوو ستافە زیاتر لە 70%ـی پارەکانیان وەرگرتووە، کەچی دەیانەوێت پێش تەواوبوونی کارەکە تەواوی پارەکە وەربگرن."
گوهدار ئیبراهیم جەختیکردەوە، کێشەی سەرەکی لەنێوان ئەو دوو ستافە (بەڵێندەرە) سوورییە خۆیاندایە کە لەسەر دابەشکردنی پارەکە رێکنەکەوتوون و پەیوەندی بە کۆمپانیاوە نییە، گوتیشی، "با ئیشەکە بەپێی گرێبەست رادەست بکرێت، یەک دیناری هیچ کەسێک نافەوتێت و مافی کەس ناخورێت."
