رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دوو ماتۆڕسکیل پێکیاندا داوە و بەهۆیەوە یەکێک لە ماتۆڕسوارەکان گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکە بریندارن. نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەڵێ، دۆخی بریندارەکان باشە.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ هەینی 4ی ئەیلوول بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، رووداوەکە لە شەقامی 60 مەتریی کەلار روویداوە و بەهۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی کەسێک، سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
یەکێک لە ماتۆڕسوارەکان گیانی لەدەستداوە کە لەدایکبووی ساڵی 2007ـە. هەروەها ئەوانەی بریندار بوون یەکێکیان لەدایکبووی ساڵی 2012یە و دووانەکەی دیکەش لەدایکبووی 2010ن.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەرمێک و سێ بریندار هێنرانە نەخۆشخانە، دۆخی بریندارەکان باشە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە".
هاتووچۆی گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
دوێنێ پێنجشەممە، لە رێگەی هەولێر و کەرکووک و نزیک بازگەی شێراوا، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا روویدا، بەگوێرەی ئامارەکان، لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
هەر دوێنێ لەسەر رێگەی ناحیەی بجیل لە سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
بەگوێرەی نوێترین ئامار لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رووداو، لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو مانگی ئابی 2025، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 21 هەزار و 646 رووداوی هاتووچۆ روویان داوە، لە ئەنجامدا 3 هەزار و 137 کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 هەزار و 339 کەسیش بریندار بوون.


