رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی رەزامەندیی دەربڕیوە بە زیادکردنی ناوی (دانا ئەحمەد مەجید) بۆ دەستەی گشتیی بزووتنەوەکە و ئەوانیش لەو چوارچێوەیەدا دەیانەوێ سبەی کۆنگرە ببەستن و بە رێکخەری گشتیی هەڵیبژێرنەوە.
نووسراوەکەی کۆمیسیۆن لە 18-08-2026 دەرچووە و تێیدا هاتووە، نووسراوەکەیان وەڵامە بۆ نووسراوێکی بزووتنەوەی گۆڕان، کە 15ی ئاب ئاراستەی کۆمیسیۆن کراوە و تایبەتە بە بەستنی کۆنگرەی نائاساییی گشتی بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی حیزب لە 05-09-2026 لە هۆڵی گشتیی حیزب لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی.
رێبەند ئەحمەد، سەرپەرشتیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ هەینی 4ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراوەکە لەسەر داوای خۆمان بووە کە کۆنگرەکە لە بارەگای سەرەکیی گەڕەکی کوردسات بەڕێوەبچێت و سبەی لە کاتی دیاریکراودا دەبێ".
کۆمیسیۆن لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان رەزامەندییان بۆ کات و شوێنی کۆنگرەکە دەربڕیوە. راشیگەیاندووە: "سەبارەت بە زیادکردنی ناوی دانا ئەحمەد مەجید بۆ ئەندامێتیی دەستەی گشتیی حیزبە سیاسییەکە، هیچ رێگرییەک نییە لە زیادکردنی، بەڵام دوای دەنگدان لەسەری لەلایەن ئەندامانی ئامادەبووی کۆنگرەوە".
بەگوتەی رێبەند ئەحمەد، بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن، لە کۆنگرەکەی سبەیدا نابێ بەشداران لە 251 کەس کەمتر بن.
رۆژی 16-02-2026، لە شاری کەرکووک کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، تێیدا رێکخەری گشتی و 55 ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران. رێبەند ئەحمەد گوتی: "کۆنگرە نوێکە لەسەر داوای ئەو 55 ئەندامە بەڕێوەدەچێت، واتا کۆمیسیۆن کۆنگرە و دەستوور و سەرکردایەتیی نوێی پەسند کردووە".
بۆچی دووبارە کۆنگرە دەکەن؟
کۆنگرەکەی شوباتی ئەم ساڵی بزووتنەوەی گۆڕان ناڕەزایی لە گردەکەی بزووتنەوەکە لێکەوتەوە و دانیان بە ئەنجامەکەیدا نەنا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ئاراستەیەی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستاش خۆیان بە خاوەنی حیزبەکە دەزانن، تانەی ئەوەیان لە ئەنجامەکە داوە کە دانا ئەحمەد مەجید نەدەبوو بە رێکخەر هەڵبژێردرێت، چونکە ناوی لە دەستەی گشتییدا نەبووە.
بزووتنەوەی گۆڕان بە کۆنگرەی نوێ دەیانەوێت پاساوەکە لاببەن و دانا ئەحمەد مەجید دوای دانپێدانانی وەکو ئەندامی دەستەی گشتی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، دووبارە بە رێکخەری گشتیی هەڵیبژێرنەوە، بە تایبەت دوای نووسراوەکەی 18ی ئابی کۆمیسیۆن، کە رەزامەندیی داوە دانا ئەحمەد مەجید بە ئەندامی دەستەی گشتی لە کۆنگرەکەدا هەڵبژێردرێت.
بەگوێرەی رێنماییەکەی کۆمیسیۆن، ئەگەر لە کۆنگرەکەی گەڕەکی کوردساتدا دانا ئەحمەد مەجید بە ئەندامی دەستەی گشتیی هەڵبژێردرێت، ئەوا لە هەمان رۆژدا بە دەنگی زۆرینە بە رێکخەری گشتیی هەڵیدەبژێرن.
پێش کۆنگرەکەی شوباتی ئەم ساڵ، کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو، بەڵام لە 16ی شوباتدا پێکەوە چوونە هۆڵی کۆنگرە و لە ئەنجامدا لایەکیان ئەنجامەکانی بە دڵ بوو و لایەکەی دیکە رەتی کردەوە، کە بە ئاراستەی گردی زەرگەتە دەناسرێن.
ئەو ئاراستەیەی کۆنگرەکەی شوبات و هەڵبژاردنی دانا ئەحمەد مەجیدیان رەت کردەوە، ئێستاش ئەو نووسراوەی کۆمیسیۆن بە "نایاسایی" دەزانن و رەتی دەکەنەوە.
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی هەردوو ئاراستەکەوە بێئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکەش 26ی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسی کرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە نەیانتوانی رەزامەندیی کۆمیسیۆن بەدەست بێنن.


