رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نێرگەلەکێشانی سێ گەشتیارەوە، ئاگر لە دارستانە سرووشتییەکانی گوندی کەوتە لە ناوچەی نەوڕۆڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە کەوتەوە و نزیکەی 50 دۆنم پوش و پاوان و دارستانی ناوچەکە سووتا.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، ئاگر لە گوندێکی ناوچەی گەشتیاری نەوڕۆڵی کەوتەوە. سازگار ساڵح، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، لە گوندی کەوتە، بەهۆی خەڵووزی نێرگەلەی سێ گەشتیارەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە. بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بەهۆی سەختیی ناوچەکە و بوونی پوش و پاوانی زۆر، زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە.
یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندەکە کە لە کوژانەوەی ئاگرەکەدا بەشدار بووە، بە رووداوی گوت: "چەند کەسێک لێرە دانیشتبوون و نێرگەلەیان کێشاوە، کە ئێمە گەیشتین ئاگرەکە تەشەنەی سەندبوو و ئەوانیش لە بەرامبەری دانیشتبوون."
ئەو هاووڵاتییە داوا دەکات،" هەر کەسێک دێتە ئەم ناوچەیە، پارێزگاری لە سرووشتەکەی بکات، چونکە ئەگەر زیان بە ژینگەکە بگەیێنن، باشتر وایە نەیەن."
لەبارەی چارەنووسی گەشتیارەکان، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سێ گەشتیارە کە بە رەگەز عەرەبن، لەلایەن ئاسایش و پۆلیسی دارستان و سنوورەوە دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.