رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزین لە هەولێر زیاتر دادەبەزێ، ئێستا لە بۆرسەی سووتەمەنی هەولێر نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە کۆ 1280 دینارە.
شەماڵ رەسووڵ، بارزگانی بەنزین لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە بۆرسەی سووتەمەنی هەولێر نرخی بەنزین دابەزیوە، هەر لیترێک بە بەنزینی نۆرماڵ بە نزیکەی 1280 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هەفتەی رابردوو لە هەولێر، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیی کۆمپانیای کار بە کۆ بە 1450 دینار فرۆشرا.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین، شەماڵ رەسووڵ دەڵێت: "بڕی هێنان و بەکارهێنان، نرخی بەنزین دیاری دەکات، بۆیە ئەم چەند رۆژەی کە هاتنی بەنزین زۆر و بەکارهێنان کەم بووە نرخەکەی رووی لە دابەزین کردووە".
لە بۆرسەی سووتەمەنی هەولێر یەکێک لە جۆری بەنزینەکان بە بەنزینی گەڕاوە دەناسرێت لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی ئەو بازرگانە، ئەو بەنزینە لە پاڵاوگە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو ناوچانە دەنێردرێت و دواتر دەهێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.
شەماڵ رەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو بەنزینە رۆژانە بە بڕی جیاواز دەهێنرێتە بۆرسەی سووتەمەنی، ئەو رۆژانەی بەنزینەکە زۆر بێت نرخەکەی دادەبەزێ.
باسی لەوەشکرد، تەنیا بەنزینی نۆرماڵ هاوردەی بازاڕی سووتەمەنی دەکرێت و دواتر لە هەرێمی کوردستان بە تێکەڵکردنی چەند مادەیەک بۆ بەنزینی موحەسەن و سوپەر دەگۆڕێت.
هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ترسی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دروست دەکات
شەوی 08ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، دوای زیاتر لە 15 رۆژ تاوەکو ئێستا کارکردن لە کێڵگەکە دەستیپێنەکردووەتەوە و بەرهەمهێنان راگیراوە.
شەماڵ رەسووڵ لەبارەی کاریگەری راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گوتی: " نرخی گاز گران بووە، بۆیە لە ئەگەری بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکەی، شۆفێران ناچار دەبن بگەڕێنەوە بەکارهێنانی بەنزین، ئەوەیش ئەگەری دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین زیاد دەکات".



