رووداو دیجیتاڵ
نرخی گەشتی عومرە دابەزی،گەشتێکی 10 رۆژە بە رێگەی وشکانی بە 275 دۆلارە و ئاسمانی کەمترە لە 600 دۆلار. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێ، خواستی چوون بۆ عومرە لەم کاتەدا کەم بووەتەوە.
بەگوێرەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە، ئەمڕۆ نرخی گەشتێک چوون و هاتن و 10 رۆژ مانەوە لەخۆ دەگرێت، بە رێگەی وشکانی لە 275 دۆلارەوە دەستپێدەکات و بە رێگەی ئاسمانی لە 470 دۆلارەوە دەستپێدەکات.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 24-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی کاتی دەوامی قوتابخانەکانە خواست لەسەر عومرە زۆر کەمە؛ هەروەها خواست کەم بوو و رکابەریی نێوان کۆمپانیاکانیش هەبوو نرخ دادەبەزێ."
بە گوتەی گوتەبێژی حەج و عومرە، جەنگی ئەمریکا و ئێران و مانەوەی ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی خواستە لەسەر گەشتی عومرە.
ستوونی گوتی: "بەراورد بە پێشتر لانیکەم گەشتێک 10 دۆلار لە نرخەکەی دابەزیوە، بەڵام پێشبینی دەکەین لە مانگی 12 کە پشووی قوتابخانەکان دەستپێدەکاتەوە نرخ بەرز بێتەوە، ئێستا عومرەکار کەمە و خاوەن کۆمپانیاکانی عومرەش هۆتێلیان بە کرێی ساڵانە گرتووە، بۆیە نرخەکەی دادەبەزێنن تاوەکو خەڵکی زیاتر گەشت بکەن."
گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی کردووە بۆ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە بۆ ئەوەی بە کەمترین نرخ گەشتەکان رێکبخەن".
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لەژێر چاودێریدان کە دەبێت مۆڵەتیان هەبێ. گوتیشی: "دەبێت خەڵکیش هۆشیار بن و لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە گەشت نەکەن کە مۆڵەتیان نییە، چونکە پێشووتر کۆمپانیای بێ مۆڵەت هەبووە و پارەی خەڵکی بردووە بەبێ ئەوەی گەشتیان پێ بکات."
ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە دەچنە سعودیە.



