رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شارەوانیی شارەزوور دەڵێ، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کۆتایی هاتووە و ئەم هەفتەیە نزیکەی پێنج هەزار پارچە زەوی لە سنووری قەزاکە دابەش دەکرێن.
ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2026، سالار ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی قەزای شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە کۆتاییان هاتووە. ئەم هەفتەیە فەرمانبەرانی شایستە 200 مەتر زەوی بە شێوەی تیروپشک وەردەگرن."
سالار ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، "5000 پارچە زەوی لەسەر رووبەری 1600 دۆنم لە سنوورەکە بۆ دابەشکردن ئامادەکراون، دوای قەرەبووکردنەوەی جووتیارانی ناوچەکە، پڕۆسەی دابەشکردنەکە دەستپێدەکات."
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی شارەزوور، "زیاتر لە 4500 فەرمانبەر لە سنووری قەزای شارەزوور مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و سەرجەمیان بە شێوەی خاڵبەندی و خزمەت زەوی وەردەگرن. هاوکات 500 پارچە زەوییش بۆ قەرەبووکردنەوەی جووتیارانی ناوچەکە تەرخانکراون."
سەبارەت بە شوێنی دابەشکردنی زەوییەکان، سالار ئەحمەد روونیکردەوە کە "1600 دۆنم لە رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باکووری قەزای شارەزوور هێڵکارییان بۆ کراوە و هەر فەرمانبەرێک 200 مەتر زەوی بەردەکەوێ."
لەبارەی ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، سەرۆکایەتیی شارەوانی شارەزوور دەڵێ، "فەرمانبەران، مامۆستایان، هێزەکانی ئاسایش، ناوخۆ، پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دەگرێتەوە و هیچ کەسێک نامێنێتەوە زەوی وەرنەگرتبێت."



