رووداو دیجیتاڵ
دوو نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست دەڵێن، پێیان گوتراوە هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو توێژە دابەش دەکرێ.
تۆلاز محەممەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "بڕیاربوو ئەم هەفتەیە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەشبکرێ، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی تەواوەوە لە بانکەکان، نەتوانرا دابەش بکرێ".
تۆلاز محەممەد گوتی، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پێیان راگەیاندوون کە "هەموو هەوڵێکمان دەدەین رۆژی یەکشەممە 22-11-2026 مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بکەین".
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی گرێبەست گوتی، وەزارەت پێی راگەیاندوون، ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک نەتوانرا رۆژی 22ی مانگ مووچەکە دابەشبکرێ، ئەو کاتە لە رۆژانی دواتری ئەو هەفتەیەدا دابەش دەکرێ.
هاوکات کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 15-11-2026 مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشبکرێ، بەڵام بانکەکان گوتیان ئامادەنین".
نوێنەرەکەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە گوتی، قسەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە و پێیان راگەیاندوون کە "سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێ".
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی نێوخۆیە، لەبەر ئەوە لەگەڵ فەرمانبەرانی دامەزراودا مووچە وەرناگرن.


