رووداو دیجیتاڵ
لە مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر، شەشەمین خەڵاتی (د. فرسەت سۆفی بۆ دەستپاکی و دادپەروەری) بە کارمەندێکی بەرگریی شارستانی بەخشرا، کە پێشتر لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەیەکدا 50 مسقاڵ زێڕ و کەلوپەلی دیکەی دۆزیبووەوە و رادەستی خاوەنەکەی کردبووەوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بەشداریمان کرد لەم بۆنەیەدا؛ ساڵانە خەڵاتێکی تایبەت بە دەستپاکی و دادپەروەری پێشکێش دەکرێت بۆ زیندووکردنەوەی یادی ئەو کەڵەپیاوە (د. فرسەت سۆفی)، ئەمساڵیش خەڵاتەکە بەخشرایە کارمەندێکی بەرگریی شارستانی و ئەمەش مایەی شانازییە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر سوپاسی رێکخەرانی مەراسیمەکەی کرد و گوتی: "کارمەندانی بەرگریی شارستانی هەموویان دەستپاک و چاونەترسن، گیانی خۆیان خستووەتە خزمەتی خاکی کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر، لە هەموو رووداوەکانیشدا هەمیشە لەپێش مەرگەوەن."
هاوکار مستەفا، ئەو کارمەندەی بەرگریی شارستانی کە خەڵاتەکەی پێدرا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند مانگێک لەمەوبەر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەسەر رێگەی کۆیە ئاگر کەوتەوە، دوای گەیشتنی تیمەکانمان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، لەکاتی پشکنینی نهۆمەکاندا لە نهۆمی پێنج یان شەش، لەرێگەی رووناکیی مۆبایلەوە توانیمان 50 مسقاڵ زێڕ، دوو مۆبایل و ژمارەیەک پاسپۆرت بدۆزینەوە. دەستبەجێ زێڕ و کەلوپەلەکانم رادەستی بەڕێوەبەرەکەم کرد، ئەویش لە نەخۆشخانە سەردانی خاوەنەکەیان کرد و تەواوی شتەکانیان پێدایەوە."
کارمەندەکەی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی: "زۆر دڵخۆشم بە پێدانی ئەم خەڵاتە و شانازی دەکەم بەوەی بەشێکم لە تیمەکانی پاراستن و رزگارکردنی هاووڵاتییانی ئەم شارە."
ئەم خەڵاتە ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم و لە ساڵیادی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفیدا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا پێشکێش بە کەسانی شایستە و دەستپاک دەکرێت.

.webp&w=3840&q=75)
