رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، سبەی لە قەزای هەریر و ناحیەکانی باسرمە و بالیسان دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-11-2026 بڵاوکراوەتەوە، سبەی هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی پێدەدرێ بە 32 هەزار دینار.
ئەو بەنزینخانانەی سبەی نەوت دابەش دەکەن بریتین لە: بەنزینخانەی رەزگە - بەنزینخانەی سوورسوورە - بەنزینخانەی ڤانێس - بەنزینخانەی سەربار.
نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە. هەر کەسێک دەچێت بۆ وەرگرتنی نەوت دەبێت کارتی سووتەمەنیی پێ بێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا سکتانی، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییان تەواو کردووە و سبەی نەوتەکە دابەش دەکەن.
دوێنێ نەوت گەیشتە سنووری پارێزگای دهۆک، کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگاکە بە رووداوی گوت، دابەشکردنی نەوتیان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێکردووە.
دوێنێ سێشەممە 17-11-2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوت بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بارکراوە.
دوو رۆژ لەمەوبەر، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت، پارەی بەشە نەوتیان خستووەتە سەر هەژماری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوت لەو پارێزگایە و پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێنەکردووە.
دەقی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر
ئاگاداری لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی
ئاگاداری هاووڵاتییانی قەزای هەریر، ناحیەی باسرمە و ناحیەی بالیسان دەکەینەوە، ئەوانەی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنییان لەم بریکارانەی خوارەوەیە کە لە کۆمێنت دیاریکراون، دەتوانن لە رێککەوتی 19ـی تشرینی دووەمی 2026 بڕی 100 لیتر نەوتی سپی لەم بەنزینخانانەی خوارەوە وەربگرن بە نرخی 32 هەزار دینار.
بەنزینخانەی رەزگە
بەنزینخانەی سورسورە
بەنزینخانەی ڤانێس
بەنزینخانەی سەربار
تێبینی: پێویستە هاووڵاتی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی لەگەڵ خۆی ببات بۆ بەنزینخانە.

.webp&w=3840&q=75)