رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەشێک لە خاوەن موڵک و بەشداربووانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە پێدانی قیستەکانیان رووبەڕووی بارگرانیی دارایی بوونەتەوە؛ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت، سەرقاڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکن تاوەکو پێدانی قیستەکان لە دۆلارەوە بگۆڕدرێن بۆ دینار.
ئارام عەلی ئەحمەد، خاوەنی ڤێلایەکە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "گوندی یۆنانی" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی گرانبوونی نرخی دۆلارەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە پێدانی قیستی پڕۆژەکاندا زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە؛ تێچووی هەر قیستێک بە رێژەی 20% بۆ 22% زیادی کردووە، لە کاتێکدا مووچە و داهاتی ئێمە بە دینارە."
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیا و خاوەنی پڕۆژەکان ماوەیەکی کەمیان بۆ دیاریکردوون بۆ پێدانی قیستەکان و هەڕەشەی سەپاندنی سزای دارایی (غەرامە)ـیان لێدەکرێت ئەگەر لە کاتی خۆیدا پارەکە نەدەن.
لە بەرامبەردا، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-11-2026، بە رووداوی گوت: "گۆڕانکاریی نرخی دۆلار و دینار گرفتی بۆ هەردوو لایەنی وەبەرهێنەران و کڕیاران دروستکردووە، بەداخەوە بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵیش بارگرانیی زیاتریان لەسەر هاووڵاتییان و بازاڕ دروستکردووە."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ وەبەرهێنەراندا لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوسەنگ و رایگەیاند: "بەم زووانە میکانیزمێک و نرخێک دیاری دەکەین کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت. بەنیازین بڕیارێک دەربکەین بارودۆخی بازاڕ لەبەرچاو بگرێت، هەنگاوی یەکەممان گۆڕینی شێوازی دانەوەی قیستەکانە لە دۆلارەوە بۆ دینار."

