رووداو دیجیتاڵ
10 رۆژ بەسەر لافاوەکەی هەولێردا تێدەپەڕێ، بەڵام بۆ دانیشتووانی (سڤار تاوەر) بەشێکی کاریگەرییەکەی ماوە. بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەو دوو باڵاخانەیە ماڵەکانیان جێهێشتووە و ئەوانەیشی ماون، لە دۆخێکی خراپ و بەبێ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا دەژین.
ژیار جەمال، هاونیشتمانییەکە و خۆی وەک نوێنەری دانیشتووانی (سڤار تاوەر) ناساند و لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداودا کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "10 رۆژە بێ کارەبا و ئاوین. راستە بەردەوام کاری تێدا دەکرێ، بەڵام بۆردی سەرەکیی کارەبا لە گەراجەکەیە و لەگەڵ یەکەم شەپۆلی لافاوەکەدا سووتا. سیستەمی ئاویش بە کارەباوە بەندە، ئێمە لە هەردوو خزمەتگوزارییەکە بێبەشین."
لافاوەکە زیانێکی مادیی زۆریشی بە دانیشتووان و باڵاخانەکەش گەیاندووە. موەلیدەی سەرەکیی پڕۆژەکە، کە لە گەراج دانرابوو، بەهۆی ئاوەوە سووتاوە. ژیار دەڵێت: "پێش لافاوەکەش موەلیدەی تاوەرمان نەبوو، ئێستا خەڵک بە ویستی خۆی و بە پارەی خۆی کارەبای موەلیدەی گەڕەک رادەکێشێت کە بە شێوەی پریپەیدە."
ژیار دەڵێ: "کارەبای نێو ڕێڕۆکان نییە، ئاسانسوارەکان کارناکەن و قوڕ و لیتەیەکی زۆر هێشتا لانەبراوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە دراوسێی هەیە ناچارە بە پلیکانە تاوەکو نهۆمی حەوتەم سەربکەوێ.
بەشی زۆری دانیشتووانی تاوەرەکە خەڵکی دەرەوەی هەولێرن، ئەمەش کێشەکەی بۆ ئەوان قورستر کردووە. ژیار، کە خۆی کارمەندی دلیڤەرییە، دەڵێت، "زۆربەی دانیشتووان لێرە کەسوکاریان نییە و نازانن روو لە کوێ بکەن. خۆم دوو ماتۆڕم ژێرئاو کەوتوون و 10 رۆژە بێکار و بێ داهات لە ماڵەوە دانیشتووم."
ساڵح تەها، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی تاوەرەکە، بەهۆی خراپیی دۆخەکەوە ناچار بووە هاوژینەکەی بنێرێتەوە بۆ ماڵی باوکی. ئەو هاونیشتمانییە رەخنە لە دیزاین و خزمەتگوزارییەکانی باڵاخانەکە دەگرێ و دەڵێت: "چۆن دەبێت هەموو سیستمی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان لەنێو گەراجێکدا بن کە هیچ دەرچەیەکی ئاوی نییە؟ ئەگەر لافاویش نەبووایە و ئاگرێک بکەوتایەتەوە، هەمان کارەسات روویدەدا."
ساڵح ئاماژەی بە کەموکوڕی دیکەش کرد و گوتی، "زەنگی ئاگادارکردنەوە و سیستمی ئاگرکوژێنەوە کارناکەن. ئاسانسوارەکە باکئەپی نییە و ئەو رۆژەی کارەبا کوژایەوە، خەریکبوو تێیدا گیربخۆین."
هەندێک لە دانیشتووان ناچاربوون پەنا بۆ هۆتێلەکان ببەن. سەربەست مامەند، یەکێک لەوانەیە و دەڵێت، "لە شەوی لافاوەکەوە لە هۆتێل دەژیم و شەوی 35 هەزار دینار دەدەم، لە کاتێکدا کرێی شوقەکەم 300 دۆلارە و مانگانە 40 دۆلاریش پارەی خزمەتگوزاری دەدەم."
سەربەست باس لەوە دەکات کە کاتێک پەیوەندی بە کارگێڕیی تاوەرەکەوە دەکات، وەڵامێکی سارد و بێباکانەیان دەستدەکەوێ و دەڵێ: "پێم گوتن من هەر لە هۆتێل بمێنمەوە؟ گوتیان کەیفی خۆتە، هەر لەوێ بە."
لە بەرامبەردا، کارگێڕیی (سڤار تاوەر) دڵنیایی دەدات کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن. بە گوتەی ئەوان، کارەبای یەکێک لە باڵاخانەکان گەڕێندراوەتەوە و "سبەی" کارەبا و ئاوی هەردوو باڵاخانەکەش دەگەڕێتەوە.
کارگێڕییەکە دان بە قەبارەی زیانەکاندا دەنێت و دەڵێ: "زیانی باڵەخانەکە نزیکەی 20 دەفتەر (200,000 دۆلار) دەبێت. 122 پێوەری کارەبا سووتاون، شەش پەمپی ئاو کە نرخی هەر یەکێکیان 1,500 دۆلارە لەکارکەوتوون و زیانی ئاسانسوارەکانیش هێشتا دیار نییە."
سەبارەت بە داوای دانیشتووان بۆ لێخۆشبوون لە کرێ و خزمەتگوزاری، کارگێڕییەکە دەڵێت: "ئێمە خاوەنی باڵەخانەکە نین. ئێستا تەنیا خەریکی گەڕاندنەوەی ئاو و کارەباین و دوای ئەوە لەسەر ئەو بابەتەش قسە دەکەین."
لە کاتێکدا کارگێڕیی تاوەرەکە بەڵێنی چارەسەر دەدات، دانیشتووان ماندوو و بێهیوا بوون و داوای چارەسەری بنەڕەتی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان دەکەن، کە هەندێکیان هێندە گەورەن، وەک ئەو دانیشتوویەی زیانلێکەوتووەی تاوەرەکە کە ژیار باسی دەکات، ئۆتۆمبێلە 13,000 دۆلارییەکەی بە 4,000 دۆلار فرۆشتووە، چونکە پارەی چاککردنەوەی نەبووە.


