رووداو دیجیتاڵ
پشتێنەیەکی دووسایدی بۆ قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر دروست دەکرێ و چاوەڕوان دەکرێ هاوکار بێ لە کەمبوونەوەی قەرەباڵخی لەنێو قەزاکە.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان ئەمڕۆ 17ی تشرینی دووەمی 2026 بە رووداوی راگەیاند، "دیزاینی ماستەرپلانەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و هەنگاوی یەکەممان دەستپێکردووە."
مەغدید عەریف ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە هەنگاوی یەکەمی پرۆژەکە بریتییە لە کۆکردنەوەی داتای ئەو خانووانەی پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، ئەویش لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە.
بە گوتەی قایمقامی خەلیفان، پشتێنە دووسایدییەکە لە کۆتایی شەقامی دووسایدی سپیلکەوە دەستپێدەکات و تاوەکو بازگەی گەلی عەلی بەگ درێژ دەبێتەوە.
قایمقامی خەلیفان ئاماژەی بەوەش دا کە لەوانەیە پرۆژەکە بە دوو قۆناخ جێبەجێ بکرێ. قۆناخی یەکەم لە کۆتایی دووسایدی سپیلکەوە تاوەکو کۆتایی شارەکە دەبێ. قۆناخی دووەمیش لە کۆتایی قۆناخی یەکەمەوە دەبێ تاوەکو بازگەی گەلی عەلی بەگ.
قەزای خەلیفان دەکەوێتە سەر رێگای هامڵتۆن و ئەوەش وایکردووە هاتووچۆ بە نێویدا زۆر بێت.



.jpeg&w=3840&q=75)