رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، یەکەم کاروانی نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بارکراوە و هەر ئەمشەو دەگاتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک.
رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ، یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بارکراوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێ: "هەر ئەمشەو یەکەم کاروانی نەوتی سپی دەگاتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی دهۆک، لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێ".
لەبارەی پشکی پارێزگاکانی دیکەش، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە: "بۆ بەشە نەوتی هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش رەزامەندی دراوە و دەست بە بارکردن دەکرێ. لەگەڵ گەیشتنیشی بە کۆگاکان، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێ".
لەبارەی پشکی هەولێرەوە، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "بڕیارە سبەی نەوتەکە بگاتە هەولێر. یەکەم جار لە سنووری سۆران، شەقڵاوە، خەلیفان، کۆیە و پیرمام دابەش دەکرێ".
پێش ئەم راگەیێندراوە، رووداو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەی کردبوو.
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ بڕی نەوتی پارێزگای دهۆک بگاتە دەستمان. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاری دهۆک هەموو رێکارەکانی دابەشکردن ئەنجامدراون و هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە".
لەبارەی دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتەکە لە سنووری پارێزگاکە، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی: "قۆناخی یەکەم لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی سنووری ئامێدی، کانی ماسی و بێکۆڤا دەبێت".
کارزان رەئووف دەڵێ، پشکی پارێزگاکەیان بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە 10 ملیۆن و 792 هەزار لیترە.
لەبارەی پشکی هەولێرەوە، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "بڕیارە سبەی نەوتەکە بگاتە هەولێر. یەکەم جار لە سنووری سۆران، شەقڵاوە، خەلیفان، کۆیە و پیرمام دابەش دەکرێ".
جێگری پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، پشکی پارێزگاکە بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە 18 ملیۆن و 700 هەزار لیترە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە سلێمانییەوە هەیە، سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "هیچ وادەیەکمان پێ نەگوتراوە. کۆمپانیای پەیوەندیدار رۆیشتووە تاوەکو نەوتەکە بێنێت".
وەک گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی باسی کرد، پشکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 20 ملیۆن لیتر نەوتە.
پێشتر هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک پارەکەیان خستبووە سەر هەژماری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق و دوێنێش پارێزگای سلێمانی پارەکەی رەوانە کرد و بەوەش هەموو رێکارە کارگێڕییەکان لە بەغدا تەواوکران و تەنیا پرۆسەی گواستنەوە ماوە.
ناردنی ئەو بڕە نەوتە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 2ـی ئەم مانگە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دا، دواتریش لە 4ـی مانگدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت دەربڕی.
بەگوێرەی بڕیارەکە، نرخی نەوتەکە هاوشێوەی نرخی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت، کە بۆ هەر لیترێک بە 250 دینار دیاری کراوە.
.jpeg&w=3840&q=75)



