رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێ، دۆخی کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام توانراوە بەرهەمهێنانی کارەبا 150 مێگاوات زیاد بکرێ.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 17-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخەکە لە کێڵگەی کۆرمۆر وەک خۆیەتی، بەڵام توانای بەرهەمهێنان گەیێندراوەتە 1650 مێگاوات".
08ی ئەم مانگە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا. 11ی ئەم مانگە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: "توانراوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 500 مێگاوات زیاد بکرێ و لە 1000 مێگاواتەوە بگەیێندرێتە 1500 مێگاوات".
لەبارەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی، ئومێد ئەحمەد کە هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستانە گوتی: "ئێستا رۆژانە شەش بۆ هەشت کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوبەشان".
چوارشەممە 11-11-2026 وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەو بڕە کارەبایەی هەیە، رۆژانە پێدانی کارەبا بە هاوبەشان لە چوار کاژێرەوە بۆ شەش کاژێر بەرز کراوەتەوە.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: "بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەوە گواستنەوەی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە".



