رووداو دیجیتاڵ
گیانلەدەستدانی مامۆستایەکی ئافرەت بە ناوی هێرۆ رەسوول لە نەخۆشخانەی شەهید غەریب لە قەزای دووکان، مشتومڕێکی تووندی لەنێوان کەسوکارەکەی و بەرپرسانی تەندروستی لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا خانەوادەکەی نەبوونی کارەبا بە هۆکاری سەرەکی دەزانن، قایمقامی دووکان و تەندروستیی سلێمانی رەتیدەکەنەوە و دەڵێن نەخۆشەکە پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو.
کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرۆ رەسوول، مامۆستا لە دواناوەندیی دووکان، دوای چەندین کاژێر لە ئازار و سێ جار سەردانیکردنی نەخۆشخانەی قەزاکە، گیانی لەدەستدا.
هەژار رەسوول، برای مامۆستا هێرۆ، لە بەرنامەی "بەرپرسیار"ـی تۆڕی میدیایی رووداودا بە وردی دوا ساتەکانی ژیانی خوشکەکەی گێڕایەوە و گوتی، خوشکەکەی بەڕۆژوو بووە و لە دەوام گەڕاوەتەوە، ئێوارەی رۆژی پێشتر کاتێک بردوویانەتە نەخۆشخانە بە قاچی خۆی رۆیشتووە و پزیشک گوتوویەتی گەدەی هەویکردووە؛ بەڵام نیوەشەو کاتێک دۆخی تێکچووەتەوە و بردوویانەتەوە نەخۆشخانە کارەبا نەبووە و ناچاربوون لە نۆرینگەیەکی دەرەوە دەرزی لێبدەن.
سەبارەت بە ساتی گیانلەدەستدانەکەی، هەژار گوتی: "کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان کە دۆخی زۆر خراپ بوو، گەیاندمانەوە نەخۆشخانە. کارەبا نەبوو، پزیشک بە لایتی مۆبایل هاتە سەری و نزیکەی 30 خولەک بە دەست هەوڵی بووژانەوەی دڵ و سییەکانیان دەدا، چونکە هیچ ئامێرێکی کارەبایی ئیشی نەدەکرد لە نەبوونی کارەبادا."
لە بەرامبەردا، سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان بە رووداوی گوت: "بەپێی گوتەی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە، نەخۆشەکە پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو. راستە لەو کاتەدا کارەبا نەبووە بەهۆی لەکارکەوتنی موەلیدەکەوە، بەڵام ئامێرە فریاگوزارییەکان بە پاتری شەحنکراونەتەوە و کار دەکەن."
سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانیش هەر لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "نەبوونی کارەبا پەیوەندیی بە گیانلەدەستدانی مامۆستا هێرۆوە نەبووە، ئامێری بووژانەوەی دڵ کارەبای پاشەکەوتی هەبووە و کاری پێکراوە." قایمقامی دووکانیش بەڵێنی دا کە کارەبای 24 کاژێریی بەردەوام بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێت.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە تەنیا هەفتەیەک پێشتر، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی نەوزاد سەعدی لە هەمان نەخۆشخانە لە کاتی بێکارەباییدا گیانی لەدەستدابوو.
گۆران نەوزاد، کوڕی کۆچکردوو لە بەرنامەی بەرپرسیار ئەمەی بە "کارەساتێکی مرۆیی" ناوبرد و گوتی باوکی و مامۆستا هێرۆ بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی کارەباوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات شکۆ جەمال، چالاکڤانی مەدەنی لە دووکان ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 10 ساڵە هۆشداری لە خراپیی دۆخی کارەبای نەخۆشخانەی شەهید غەریب دەدەن و ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی نەبوونی کارەبا و مەرگی ئەم دوو هاونیشتمانییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە و هاووڵاتییان داوای لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمەکان دەکەن.


