رووداو دیجیتاڵ
دەنگێک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بیسترا. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە دەڵێت: "بۆردوومان بووە". بەرپرسانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش دەڵێن، هێرش بووە بۆ سەر بارەگایەکی ئەوان و زیانی گیانی نەبووە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆردوومانێک بۆسەر سنووری دۆڵی ئالانە هەبووە، بەڵام جارێ نازانین بە چ جۆرێکی چەک بووە و لێکۆڵینەوە دەکەین".
ئارام مودەڕیسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرش بووە و بە دوو مووشەک کراوە. بارەگایەکی ئێمە لە دۆڵی ئالانە کراوەتە ئامانج".
عەلی رەنجبەری، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش بە رووداوی راگەیاند، هێرشەکە کاژێر 02:40 خولەکی ئەم دوانیوەڕۆیە بووە و مووشەکەکان بەر پرسگەی بارەگاکە کەوتوون.
ئەو بەرپرسەی مەکتەبی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی، هیچ زیانی گیانییان نەبووە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هێرشی مووشەکی کرایە سەر بنکە و بارەگاکانمان. بە خۆشحاڵییەوە رادەگەیێنین هێزەکانمان سەلامەتن".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە بە زیاتر لە هەزار و 20 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.



