رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوە لە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت دەڵێن، هیچ ئەندامێکی حیزبەکەیان کە لە حکومەت پۆستی باڵای هەیە، نەگەڕاوەتەوە سەر کار و نووسراوەکان لە ماڵەوە واژۆ دەکەن. بەرپرسێک لە تیمی پارتی دەڵێت: "مامەڵەی خەڵک لە ماڵەوە واژۆ دەکرێ، بەڵام دوا دەکەوێ".
دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی یەکشەممە 08-11-2026ـەوە لە ئاستی باڵا لە فەرمانگە و وەزارەتەکان لە هەولێر کارکردنیان راگرت و زۆرینەیان چوونە شاری سلێمانی. دەنگۆ هەبوو لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران لە سلێمانی کاربکەن، بەڵام بەرپرسانی حیزبەکە رەتی دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە دوو سەرچاوە لە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت بە رووداویان گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ ئەندامێکی ئێمە لە پۆستی باڵای وەزارەت و دەستەکان نەگەڕاوەتەوە بۆ شوێنی کاری خۆی و لە هیچ شوێنێکی شاری سلێمانیش دەواممان نەکردووە".
لەبارەی کاری ئەو کەسانەی واژۆی بەرپرسانی حکومەتیان لە تیمی یەکێتی پێویستە، ئەو سەرچاوانە گوتیان: "مامەڵەی خەڵک نەوەستاوە، بەڵام دەهێندرێتە ماڵەوە بۆ وەزیر یان بریکار یان بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بۆیان واژۆ دەکرێ".
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرێک لە تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەت بە رووداوی گوت: "دەوامنەکردنی تیمی یەکێتی لە حکومەت کێشەی بۆ مامەڵەی هاونیشتمانییان دروست کردووە. راستە نووسراوەکان واژۆ دەکرێن، بەڵام کارەکان دوا دەکەون. خەڵک لە کەلارەوە تاوەکو زاخۆ نووسراو دەهێنن، واژۆیەک پێشتر بە پێنج خولەک کرابێت، ئێستا لە رۆژێک زیاتری پێ دەچێت".
ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: "ئێستا رۆژانە لە وەزارەتەکەمان هەر کەسێک واژۆی تیمی یەکێتیی پێویست بێ، نووسراوەکەی لێ وەردەگرین. ژمارەیەک نووسراو کۆدەکرێنەوە و بە ئۆتۆمبێلی وەزارەت دەیاننێرین بۆ سلێمانی و لەوێ واژۆیان دەکەن و دەیانهێننەوە".
بەگوتەی سەرچاوەکانی رووداو، لە یەکشەممە 08-11-2026ـەوە پۆستەکانی بەڕێوەبەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری گشتی، راوێژکاری وەزارەت، بریکاری وەزارەت، سەرۆکی دەستە، وەزیر و جێگری سەرۆکوەزیران دەوامیان نەکردووە.
پێنجشەممە 05-11-2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی و رۆژێک دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند: "لەم خولەکەوە لەم حکومەتە دەکشێینەوە".


