رووداو دیجیتاڵ
موەلیدە ئەهلییەکان رۆژانە 10 تاوەکو 14 کاژێر کارەبا بە هاوبەشان دەدەن و بەرپرسانی ئەنجوومەنەکانی موەلیدەش ئاماژە بەوە دەکەن، نرخی کارەبا بەراورد بە مانگەکانی رابردوو گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
بەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، ماوەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان زیادی کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە نرخی گازیش لە بازاڕدا بەرزبووەتەوە.
لە پارێزگای هەولێر، رۆژانە موەلیدە ئەهلییەکان زۆرترین کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدەن. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا نرخ دیاری نەکراوە، چونکە دەبێت تاوەکو کۆتایی مانگ چاوەڕێ بین بۆ ئەوەی بزانرێ چەند کاژێر کار بە موەلیدەکان کراوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات: "مانگی رابردوو موەلیدەکان لەنێوان 150 بۆ 160 کاژێر کاریان کرد و نرخی یەک ئەمپێریش 10 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەم مانگە گاز گران بووە. پێشتر بەرمیلی گاز بە 200 هەزار دینار بوو، لە کاتێکدا ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە سەرووی 300 هەزار دینار."
خۆران خۆرانی باسی لەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەی کۆتایی مانگدا بڕیار لەسەر نرخێک دەدرێ کە کاسبکار و هاونیشتمانییان زەرەرمەند نەبن. ئێستا رۆژانە لە شاری هەولێر و دەوروبەری، 80% بۆ 90%ـی موەلیدە ئەهلییەکان 14 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان."
هاوکات عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە 9ـی ئەم مانگەوە دەستمان بە کارپێکردنەوەی موەلیدەکان کردووە. بڕیار بوو رۆژی هەینی و دواتر شەممە کۆببینەوە بۆ دیاریکردنی نرخ، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە نەکراوە و نرخەکە دیاری نەکراوە."
عوسمان محەممەد دەڵێ: "رۆژانە موەلیدەکان لە شاری سلێمانی 13 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان. پارەی کارەبا راستەوخۆ بەپێی نرخی گاز دیاری دەکرێ. ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو بابەتە نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکیمان ئەوەیە دەمانەوێ پارەکە بە پێشەکی وەربگرین، بەڵام تاوەکو ئێستا نە وەرگرتنی پێشەکی و نە پاشەکی دیاری نەکراوە و یەکلایی نەکراوەتەوە. ئەمە بۆ پارێزگای هەڵەبجەش دروستە".
لە پارێزگای دهۆکیش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، کاتی کارکردنی موەلیدەکان زیادیکردووە.
هەکار هروری، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مانگی پێشوو نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بە پێنج هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام بۆ ئەم مانگە نرخەکە دیاری نەکراوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد کە "بەهۆی ئەوەی گاز لە بازاڕەکاندا گران بووە، بێگومان ئەم گرانبوونە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی ئەمپێر دەبێت بۆ ئەم مانگە."
دابەزینی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لەدەستدانی نزیکەی 2,500 مێگاوات کارەبا، توانیومانە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی دیکە، بەرهەمهێنان بۆ 1,550 مێگاوات بەرز بکەینەوە و رۆژانە شەش بۆ هەشت کاژێر کارەبا بدەینە هاونیشتمانییان."



