رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر دەڵێ، بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ پەڕینەوەی هاونیشتمانییان لە شەقامی 100 مەتری. دوو بەرزە پردی پەڕینەوە دروست دەکرێت، لە چەند شوێنێکی دیکەش تاسە دادەنرێت.
ئەمرۆ یەکشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2026، سروە یاسین، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی گوت، "پلانێک دەستی پێکردووە بۆ ئاسانکاری پەڕینەوەی هاونیشتمانییان لە شەقامی 100 مەتری، بە جۆرێک هەر شوێنیک ئاستەنگی بۆ پەڕینەوەی هاونیشتمانییان دروست کردبێت، هێمای پەڕینەوە و بەرزەپرد و تاسەی بۆ دادەنرێت."
سروە یاسین گوتی، "ئێستا لە شەقامەکە لە چوار شوێن پردی پەرینەوە هەیە، بەڵام ئەم پردانە بەشی پەڕینەوەی هاونیشتمانییان ناکەن، هە ر بۆیە دوو بەرزەپردی پەڕینەوەی دیکە لە بەردەم هەردوو قوتابخانەی (ئەحمەدی خانی) و (قوتابخانەی هێدی) دادەنرێت."
سەبارەت بەوەی بۆچی بەرزە پردی پەڕینەوە لەسەر شەقامەکە دروست ناکرێت، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر روونی کردەوە، "بەشێکی زۆری شەقامی 100 مەتری شۆستەکانی بچووکە یاخود موڵکی گشتییە. بۆیە ناتوانرێت لە هەموو شوێنەکان بەرزەپرد دروست بکرێت، ناچارین لە رێگەی دانانی تاسە و هێما و ئاماژەی پەڕینەوە چارەسەری بکەین."
دانانی تاسە لەسەر شەقامی 100 مەتری
ئەو بەرپرسەی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "تاسەیەک لەبەردەم زانکۆی کوردستان دانراوە و پلانەکە سەرکەوتوو بووە، لە چەند رۆژی داهاتووش لە بەردەم قوتابخانەی نابینایان لە نزیک بارەگای تۆڕی میدیایی رووداو دادەنرێت."
سەبارەت بە شوێنەکانی دیکە، سروە یاسین گوتی، "بەردەوام تیمەکانی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر چاودێریی شەقامە دەکەن، لە هەر شوێنێکی شەقامی 100 مەتری شوێنی پەڕینەوە نەبێت تاسەی پەڕینەوە بۆ هاونیشتمانییان دادەنرێت."

