رووداو دیجیتاڵ
دروستکردنی رێگەیەکی نوێ لە قەزای چۆمان، بناری حەساری سەکران بە گوندی سەکرانەوە دەبەستێتەوە. قایمقامی قەزای چۆمان رایدەگەیێنێت، رێگاکە قەدبڕە و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ گەشتیاران و جووتیارانی ناوچەکە دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد بارزان عەلیکۆ، قایمقامی قەزای چۆمان بە رووداوی راگەیاند، ئەم رێگەیە گەیشتن بە (ناشناڵ پارک) کورتتر دەکاتەوە و زیاتر ئەو پڕۆژە گەشتیارییانەی دەکەونە دۆڵەکەوە، لەگەڵ جووتیاران سوودی لێ دەبینن.
ئەحمەد بارزان عەلیکۆ گوتیشی: "رێگاکە 2 کیلۆمەترە و لە قۆناخــی کۆتایی دایە؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکرێتەوە و لە داهاتوودا قیڕتاو دەکرێت. تێچووی دروستکردنی ئەم رێگەیە لە ئەستۆی بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە."
قایمقامی قەزای چۆمان باسی لەوە کرد، لە رابردوودا رێگاکە بەرزی و نزمیی زۆری هەبوو و پڕ بوو لە لۆفە، هەروەها کاتێکی زۆری پێویست بوو تاوەکو کەسێک دەگەیشتە ئەو شوێنە گەشتیارییە و بۆ هەموو ئۆتۆمبێلێکیش گونجاو نەبوو، بەڵام بە دروستکردنی ئەم رێگەیە، ئاسانکارییەکی تەواو بۆ هاونیشتمانییان فەراهەم دەبێت.


