رووداو دیجیتاڵ دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی کەورگۆسک لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە نیگەرانیی خۆی لەبارەی نەبوونی خزمەتگوزاری و بوونی کەندێک لە نزیک ماڵەکەی دەربڕی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەورگۆسک دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی رەفتاری ئەو هاووڵاتییە لە رێگەی فڕێدانی زبڵەوە لەناو جادەدا نەگونجاو بووە، بەڵام بەدواداچوون بۆ کێشەکەیان دەکەن. سەبیحە عەبدولڕەحمان، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کەورگۆسک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەهۆی بوونی کەندێک و قوڕولیتە لە نزیک ماڵەکەیان، هاتووچۆ و گەیشتنی ئۆتۆمبێلی زبڵ بۆ کۆڵانەکەیان سەخت بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە بەهۆی فڕێدانی زبڵەوە ئاگادارکردنەوەی شارەوانی بۆ هاتووە. لەمبارەیەوە، حەقی رەشۆ هەرکی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەورگۆسک، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو گوتی: "ئاگاداری کێشەی ئەو هاووڵاتییەین؛ بەڵام ئەو ئافرەتە بەبێ ئەوەی سەردانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بکات یان ئاگادارمان بکاتەوە، حاویەی زبڵی لەسەر شەقام رشتووە و ڤیدیۆی گرتووە، لەسەر ئەو کارەش ئاگادارکردنەوەی شارەوانی بۆ چووە." بەڕێوەبەری ناحیەی کەورگۆسک جەختی کردەوە کە کۆمپانیای پاککردنەوە بەردەوام لە گەڕەکەکان دەگەڕێت و لە هەر شوێنێک پێویست بکات کارەکان بە زووترین کات ئەنجام دەدرێن. گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی شێوازی کاردانەوەی ئەو هاووڵاتییە پەسند نەبوو، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەین تاوەکو ببینین کێشەکە چییە و چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت."