رووداو دیجیتاڵ
دوو کچە قوتابیی خوشکی خەڵکی شارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی بیرکاریی هزری (Magic Math) لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، لەنێوان نوێنەرانی 12 وڵاتی جیهاندا پلەی یەکەم و دووەمیان مسۆگەر کرد.
لەو پێشبڕکێ جیهانییەدا کە 300 قوتابی لە 12 وڵاتەوە بەشدارییان تێدا کردبوو، گاردینیا کامیل (تەمەن 13 ساڵ و قوتابیی پۆلی هەشتی بنەڕەتی) لەگەڵ کارینای خوشکی (تەمەن 11 ساڵ و قوتابیی پۆلی شەشی بنەڕەتی) نوێنەرایەتیی کوردستانیان کرد و سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمارکرد.
گاردینیا کامیل لەبارەی دەستکەوتەکەیانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پێشبڕکێیەکی زۆر گەورەی بیرکاریدا لە شاری ئیستەنبووڵ بەشداریمان کرد، زۆر دڵخۆشم کە من توانیم پلەی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەستبهێنم و خوشکەکەشم (کارینا) توانی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت."
وەڵامدانەوەی 200 پرسیار لە 10 خولەکدا
تاقیکردنەوەی ئەم ئۆڵۆمپیادە جیهانییە لە دوو قۆناخی زۆر خێرا و سەختدا بەڕێوەچوو؛ هەر قۆناخێکی تەنیا 5 خولەکی بۆ تەرخانکرابوو و کۆی گشتی 200 پرسیاری ئاڵۆزی بیرکاریی هزرییان لەخۆدەگرت، بەجۆرێک بەشداربووان دەبووایە تەنیا لە ماوەی 10 خولەکدا تەواوی پرسیارەکان بە دروستی و بەبێ بەکارهێنانی ژمێرەر وەڵام بدەنەوە.
شاندی کوردستان لەم پێشبڕکێیەدا لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەر هودا حەسەن ئیسماعیل، لەگەڵ ئاسیە عەبدوڵڵا، نوێنەری رێکخراوی نێودەوڵەتیی (Ziyo) لە کوردستان و عێراق، و پەریخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی (ئاراسان) بەشدارییان کردبوو.





.jpeg&w=3840&q=75)