رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 9 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، 356 داری سرووشتی و 45 داری بەردار بڕدراون، هەروەها دەست بەسەر زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری بڕینەوە و گواستنەوەی داردا گیراوە. بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی دارستانیش، دیاردەی داربڕین بەراورد بە ساڵی 2025 رووی کەمتر بووە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمان فازڵ، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نۆ مانگی 2026 (لە سەرەتای کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی ئەیلوول)، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانیان سەرپێچییەکان تۆمار کراون و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەبەر.
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە ئاماژەی بەوە کرد، لەو ماوەیەدا سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و ئامێرانەی لە کاتی گواستنەوەی نایاسایی دارە بڕدراوەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە: 80 پیکاب، 17 کیا، هەشت تراکتۆر، چوار بارهەڵگری جۆری لۆری، فلات و قەلاب، لەگەڵ یەک ئۆتۆمبێلی تووتەنی.
ئاماری بڕینی دار بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە 9 مانگی 2026:
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، زۆرترین داری بڕدراو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بووە:
سلێمانی: 117 داری سروشتی و 30 داری بەری بڕدراون؛ دەست بەسەر 33 پیکاب، پێنج تراکتۆر و یەک ئۆتۆمبێلی تووتەنیدا گیراوە.
راپەڕین: 98 داری سروشتی بڕدراون؛ دەست بەسەر سێ پیکاب و یەک تراکتۆردا گیراوە.
هەڵەبجە: 70 داری سروشتی بڕدراون؛ دەست بەسەر یەک گەڵابە و یەک پیکابدا گیراوە.
ئاکرێ: 41 داری سروشتی بڕدراون؛ دەست بەسەر دوو پیکابدا گیراوە.
هەولێر: 20 داری سروشتی بڕدراون؛ دەست بەسەر 13 کیا و 10 پیکابدا گیراوە.
زاخۆ: 15 داری بەری بڕدراون؛ دەست بەسەر پێنج پیکاب، یەک تراکتۆر و یەک قەلابدا گیراوە.
دهۆک: 10 داری سروشتی بڕدراون؛ دەست بەسەر پێنج پیکابدا گیراوە.
سۆران: دەست بەسەر 20 پیکاب، دوو تراکتۆر و یەک لۆریدا گیراوە.
گەرمیان: دەست بەسەر سێ کیا، یەک پیکاب و یەک فلاتدا گیراوە.
بەراوردی ئامارەکان لەگەڵ ساڵی 2025
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەراورد بە داتاکانی پار، بڕینەوەی دار لە هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
لە ساڵی 2025ـدا، بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم، 1592 داری سروشتی و 109 داری روێنراو بڕدرابوون (کە تەنیا لە سلێمانی 1539 داری سروشتی بڕدرابوو).
هەروەها لە تەواوی ساڵی 2025ـدا دەست بەسەر 99 پیکاب، 62 کیا، 11 لۆری، 11 تراکتۆر، 9 عارەبانە و 3 ئۆراڵ گیرابوو؛ لەکاتێکدا لە 9 مانگی 2026ـدا کۆی گشتیی دارە سروشتییە بڕدراوەکان بۆ 356 دار کەمبووە، هاوکات دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلیش کەمی کردووە.




