رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر زیاتر لە 100 تابلۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەی رادەستی خاوەنەکانیان کردەوە کە لافاوەکە لێیکردبوونەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێ، بۆ ئەو شۆفێرانەی تابلۆکانیان بە تەواوی ونبووە و نەدۆزراونەتەوە، بەبێ بەرامبەر تابلۆی نوێیان بۆ دروست دەکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە یەک دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 100 تابلۆی ئۆتۆمبێلمان داوەتەوە بە خاوەنەکانیان".
وەک هێمن ئەمین گوتی: "تیمەکانمان بەردەوام دەچنە گەڕەکەکان و شوێنەکانی لافاوەکە و بەدوای تابلۆکاندا دەگەڕێن و دەیهێننەوە لای خۆمان، دواتر پەیوەندی بە خاوەنەکانیانەوە دەکەین و رادەستیان دەکەینەوە."
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە هاونیشتمانییانیش کە تابلۆکانیان دۆزیوەتەوە پەیوەندی بە تیمەکانی هاتووچۆوە دەکەن، ئەوانیش لێیان وەردەگرنەوە و رادەستی خاوەنە سەرەکییەکانیان دەکەنەوە.
سەبارەت بەو تابلۆیانەی تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە، هێمن ئەمین دەڵێ: "ئەوانەشی کە ژمارەکانیان ونبووە و نەدۆزراونەتەوە، دەتوانن سەردانمان بکەن و بەبێ بەرامبەر تابلۆی نوێیان بۆ دروست دەکەینەوە."
شەوی 7ـی تشرینی دووەمی 2026، شەپۆلێکی چڕ و بەهێزی بارانبارین سنووری پارێزگای هەولێری گرتەوە، بەهۆیەوە لە چەندین شەقام، گەڕەک و بازاڕەکانی نێو شار لافاو دروستبوو و ئاو چووە نێو دەیان ماڵ و دووکان، هاوکات سەدان ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن و زیانی زۆریان پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لەو شەپۆلەدا بڕی بارانبارین لە هەولێر گەیشتە نزیکەی 70 ملیمەتر؛ بارینی ئەو بڕە بارانە زۆرەش لە چەند کاژێرێکی کەمدا گیانلەدەستدانی دوو کەس و زیانی زۆری مادی بە سەدان ماڵ، دووکان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لێکەوتەوە.




