رووداو دیجیتاڵ
پاش ئەو شەپۆلە بەخوڕەی باران کە لافاوی لە چەندین گەڕەکی هەولێر دروست کرد، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران، لە راپۆرتێکدا هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی لافاو و گرفتەکانی بەردەم تۆڕی ئاوەڕۆی شارەکەی بە وردی خستەڕوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هۆکاری یەکەم و سەرەکی، بارینی بڕێکی یەکجار زۆری باران بوو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا؛ بە جۆرێک بارانێک کە لە ساڵانی رابردوودا بە چەندین مانگ دەباری، ئەمجارە تەنیا لە ماوەی یەک کاژێر و نیودا باریوە و وێستگەکانی باشووری شار 47 ملـلیمەتریان تۆمار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی سەرڕێژبوونی خێرای کەند و ئاوەڕۆکان.
لە خستنەڕووی هۆکاری دووەمدا، راپۆرتەکە رەخنە لە کەڵەکەبوونی پاشماوەی کەرەستەی بیناسازی دەگرێت، کە لەلایەن هەندێک کۆمپانیاوە فڕێدراونەتە نێو رێڕەوە سرووشتییەکانی ئاو و پاکنەکردنەوەی ئەو کەندانە بووەتە هۆی گیرانی رێگەی ئاوەکە.
پارێزگاری هەولێر کە راپۆرتەکەی لەبەردەم سەرۆکوەزیران خوێندەوە، کێشەیەکی گەورەی ئەندازیاریی لە تۆڕی ئاوەڕۆدا ئاشکرا کرد و گوتی، "لەڕووی زانستییەوە پێویستە قەبارەی ئاوەڕۆ لە بەشە باریکەکەیەوە دەستپێبکات تاوەکو بەرەو دەرەوە فراوان بێت، بەڵام لە بەشێک لە شوێنەکانی هەولێر پێچەوانەکەیەتی؛ قەبارەی رێڕەوەکان لە دەرەوە گەورەن و کاتێک دەگەنە نێو ئاوەدانی و گەڕەکەکان تەسک دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەنگخواردنەوەی لافاو."
راپۆرتەکە گەشەسەندنی خێرای شارەکە و مۆڵەتدانی لە ساڵانی رابردوو بە هۆکارێکی دیکە زانی، بەتایبەتی دروستکردنی پڕۆژە و بینا لەسەر رێڕەوی سرووشتیی ئاو لە گەڕەکەکانی وەک گوڵان، بازگە، ژین، شێخ ئەحمەد و ناوچەی فامیلی مۆڵ.
لەڕووی دارایییشەوە، پارێزگاری هەولێر لەلایەن ئەو راپۆرتەوە داوای مسۆگەرکردنی بودجەی کرد بۆ ئەوەی پڕۆژەکانی بەرەنگاربوونەوەی لافاو پەکیان نەکەوێت، بە جۆرێک کە 24 ملیار دینار نەختینە بۆ بەردەوامیی کارەکان پێویستە، هاوشانی ئەو 6 ملیار دینارەی ساڵانە لە مانگەکانی 9، 10 و 11دا بۆ ئامادەکاریی پێشوەختەی وەرزەکە تەرخان دەکرێت.




