رووداو - رادیۆ
دانیشتووانی بەشێک لە گەڕەکی قڕگەی سەروو لە شاری سلێمانی، بەهۆی تەواونەکردنی قیر و دروستبوونی قوڕولیتە لە وەرزی بارانباریندا نیگەرانن؛ گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانیش دەڵێت، بەهۆی نەبوونی نەختینە و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، ئێستا خەرجکردنی پارە بۆ پڕۆژەی نوێ راگیراوە.
بەشێک لە هاونیشتمانییانی گەڕەکی قڕگەی سەروو (ناوچەی نێوان مزگەوتی فەجر و کۆمپانیاکانی نەوزاد) بە رادیۆی رووداویان راگەیاند، چەندین کۆڵانی گەڕەکەکەیان قیرتاو نەکراون و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بارانباریندا هاتووچۆ تێیاندا زەحمەت دەبێت، داواش دەکەن پێش هاتنی وەرزی زستان بەهانایانەوە بچن.
شارەوانی: بودجە بۆ پڕۆژەی نوێ نییە
لە بەرامبەر ئەم داواکارییەدا، ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت: "سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری گەڕەکی قڕگە خزمەتگوزاریی پێگەیشتووە، بەڵام بۆ کۆڵانەکانی دیکە، بەهۆی گرفتی نەبوونی نەختینە لە بانکەکان و بەپێی بڕیاری ژمارە 292ـی ئەنجوومەنی وەزیران، تەرخانکردنی پارە بۆ هەموو پڕۆژەیەکی نوێ راگیراوە، چونکە پێش نۆرە بۆ دابینکردنی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نێوخۆیە بۆ بەغدا."
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرمانگەکەیان کەمتەرخەم نەبووە و بۆ تەواوی ئەو کۆڵان و گەڕەکانەی خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە دەرخستەی ئەندازیاری ئامادەکراوە، دڵنیاییشی دا هەر کاتێک دۆخی دارایی ئاسایی بێتەوە و بودجە بەردەست بێت، کارەکانی راکێشانی تۆڕی ئاوەڕۆ، کێربستۆن و قیرکردنی ئەو کۆڵانانە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.



