رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلیان لە لافاوەکەی هەولێر دەرهێناوە، کە زیانیان بەرکەوتووە.
عەقید شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 10-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی لافاوەکەوە ئۆتۆمبێلی زۆر زیانیان بەرکەوتووە، تەنیا تیمەکانی ئێمە نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلیان لە ئاو دەرهێناوە".
بەهۆی بارانبارینەوە، شەممە 07-11-2026 لە شاری هەولێر لافاو دروست بوو، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و ماڵی هاونیشتمانیان زیانیان بەرکەوت.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئاو دەرمانهێناون بەشێکیان پەکیان کەوتبوو، هەروەها بەشێکیان زیانی زۆریان پێگەیشتووە و بەشێکیشیان تەنیا ئاویان تێچووە".
عەقید شاخەوان ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتووە زیاترن لە 200 ئۆتۆمبێل، چونکە چەندین ئۆتۆمبێلی دیکە لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانی دیکەوە لە ئاو دەرهێندراون.
رۆژێک دوای لافاوەکە چەند لیژنەیەک پێکهێندران کە یەکێکیان لیژنەی خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکانی ئەنجامی لافاوەکەیە. هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داتاکان کۆدەکەینەوە و دۆکیۆمێنتیان دەکەین، بەڵام بڕیاردان لەسەر ئەوەی قەرەبووکردنەوەکە چۆن دەبێت، دەبێت لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەو بڕیارە بدرێت".



