رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی شارەوانیی هەولێر هۆشداری دەدات لەوەی رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر کەسێک دەگرنەبەر کە مەنهۆڵەکانی ئاوەڕۆ دابخات یان کۆنکرێتیان بکات؛ هاوکات ئاشکراشی دەکات، لە کۆی 50 خاڵی مەترسیداری دروستبوونی لافاو لە شارەکەدا، تەنیا چەند شوێنێکی کەم ماونەتەوە و کاریان لەسەر دەکرێت. لە وەڵامی ناڕەزایەتیی بەشێک لە دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "گوندی کۆری" لە هەولێر، سەبارەت بە گرتن و کۆنکرێتکردنی مەنهۆڵەکانی ئاوەڕۆ لەلایەن هەندێک لە ماڵەکانەوە، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت: "بە دڵنیاییەوە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە دەگرینەبەر. هاووڵاتییان دەتوانن زانیاریی ورد بنێرن، یان راستەوخۆ سەردانی شارەوانیی دوو بکەن بۆ ئەوەی بەپەلە رێکاری پێویست بگرینەبەر و سەرپێچییەکان لابدەین." سەبارەت بە دیاردەی دزینی سەری مەنهۆڵەکان، وەک ئەوەی لە گەڕەکی هەڤاڵان و چەند شوێنێکی دیکە روویداوە کە مەترسیی لەسەر هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە، سەرۆکی شارەوانی گوتی: "رۆژانە رووبەڕووی ئەو حاڵەتانە دەبینەوە و تیمە مەیدانییەکانمان بەردەوامن لە چاککردنەوە و دانانەوەی سەری مەنهۆڵەکان." ساڵانەی لە ژێر پردی سەیداوە، بەهۆی بارانبارینەوە ئاوێکی زۆری لێ کۆدەبێتەوە، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی جەختی کردەوە کە پلانی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی داناوە و گوتی: "لە ساڵانی رابردوودا لە شاری هەولێر 40 بۆ 50 شوێنی مەترسیداری کۆبوونەوەی ئاو و لافاومان هەبوو، بەڵام بەهۆی پڕۆژەکانی لێدانی ئاوەڕۆ و پۆندەکان، ئێستا ئەو شوێنانە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. پردی سەیداوەش یەکێکە لەو شوێنانە و لە داهاتوودا بە یەکجاری چارەسەری دەکەین."
هەواڵە ناوخۆییەکان09-11-2026زیندانییانی راپەڕین دەڵێن شوێنەکەیان خراپە و خواردنیان کەمە، پۆلیسیش رەتیدەکاتەوە
هەواڵە ناوخۆییەکان09-11-2026بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر: تۆڕی ئاوەڕۆ توانای 20 ملم بارانی لە کاژێرێکدا هەیە