رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە سەبەتەی خۆراکی ئەمجارەدا ناوی بەشێکی زۆر لەو خێزانانە گەڕاوەتەوە کە بەهۆی بەرزیی مووچەکانیانەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەشەخۆراکیان راگیرابوو، بەڵام بڕیارەکە تەنیا ئەندامانی خێزان دەگرێتەوە، نەک سەرۆک خێزان.
رۆژی دووشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاگاداری ئەو هاووڵاتییانەی کردووەتەوە، کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەشە خۆراکیان راوەستابوو بەهۆی ئەوەی مووچەکانیان لە سەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە، بە تایبەتی ئەوانەی سەر بە پاسەوانی سنوور بوون و مووچەکانیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وەردەگرت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "لەم بەشە خۆراکی ئەمجارە کە سەبەتەی حەوتەمە لەسەر لیستی مانگی 10، بەشێکی زۆریان ناویان گەڕاوەتەوە، ئەندامانی خێزانەکە دەتوانن بەشە خۆراکیان لەلای بریکارەکانیان وەربگرن، بەڵام سەرۆک خێزان بەهۆی زۆری مووچەکەی وەری ناگرێت.
لە بەشەخۆراکی مانگانەدا یەک لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیو کیلۆ لەتکە نۆک دابەش دەکرێت.
پار لە کۆی 12 بەشە خۆراک، هەشت بەشەخۆراک و پێراریش 10 بەشە خۆراک دابەش کران، ئەم ساڵیش تاوەکو ئێستا شەش بەشەخۆراک دابەش کراوە و بڕیارە حەوتەم بەش دابەش بکرێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بازارگانی، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس بوونەتە خاوەنی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک، کە ئەوەش زیاتر لە 95%ـی کۆی هاونیشتمانییان پێکدەهێنێت.
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک، پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.




.jpg&w=3840&q=75)